کاردانەوە جیهانیەکان بۆ دەستگیرکردنی تەرانە عەلیدۆستی بەردەوامی هەیە

بیەناڵی ڤێنیز کە کۆمەڵێک بەرنامەی جۆراوجۆری هونەری و کولتوورییە لەوانە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڤێنی، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای ئازادکردنی دەستبەجێی تەرانە عەلیدۆستی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی کانوونی یەکەم، بیەناڵی ڤێنیز کە کۆمەڵێک بەرنامەی جۆراوجۆری کولتووری و هونەریی هەیە، لەوانەش فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیز، هەر دوو ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت، ناوبراو بۆ پشتیوانی لە تەرانە عەلیدۆستی و دەستگیرکراوەکانی دیکەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوای ئازادکردنی تەرانە عەلیدۆستی و ناڕازییەکانی دیکەی کرد کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستگیرکرابوون.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: دەستگیرکردنی ئەم دواییەی تەرانە عەلیدۆستی، ئەکتەری بەناوبانگی فیلمی "فرۆشیار"ی خاوەن خەڵاتی ئۆسکار لە دەرهێنانی ئەسغەر فەرهادی، لە هەمان کاتدا ڕێوشوێنێکی دیکەی سەرکوتی توندوتیژانە و حوکمی لەسێدارەدان کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیی ئاشتیانەی ژن و پیاوی ئێرانی دەرچووە.

 

بیەناڵی ڤێنیز لە بەیاننامەی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە چاوی بە دامەزراوە و کەسایەتییەکانی جیهان دەکەوێت کە خوازیاری ڕاگرتنی خێرای هەر جۆرە سەرکوتێکی ناڕازیین لە لایەن رژێمی ئێران و داوای ئازادکردنی تەرانە عەلیدۆستی و هەموو ئەو ناڕازییانەیەی دیکەن کە بەبێ هۆکار دەستگیرکراون.

 

هەروەها بیەناڵی ڤێنیز بەم بەیاننامەیە جەختیکردەوە لەسەرهەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە کردەوەی ستەمکارانەی ڕژێمی ئێران، کە توندوتیژی و خوێنڕشتن و ئامرازی ناڕێژەیی لە دژی ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانەی شەقامەکاندا ئەنجامی دەدات کە شۆڕشگێڕان بەدوای ئازادی و مافە مەدەنییەکان و داواکارییە ڕەواکانیاندا دەگەڕێن.

 

لە کۆتایی ئەم بەیاننامەیەدا، بیەناڵی ڤێنیز و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڤێنیز هاوکاریی خۆیان لەگەڵ ڕێکخراوە فەرهەنگییەکانی دیکە و فێستیڤاڵە سینەماییەکانی جیهان لە پاڵپشتی کردنی ژن و پیاوی ئێرانی کە بە توندی چەوسێنراون، ڕاگەیاند.