ژنانی کۆبانێ: لە دژی هێرشە داگیرکارییەکان گیانی خۆمان دەکەینە قەڵغان

ژنانی کانتۆنی کۆبانێ دژی هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵوێستیان دەربڕی و وتیان: خاکی مرۆڤ شەرەفمەندانەیە، لە بەرامبەر تانک و تۆپی داگیرکەر گیانی خۆمان دەکەینە قەڵغان بۆ پاراستنی خاکەکەمان.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- دەوڵەتی تورک چەندین ساڵە هێرش دەکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەو هێرشانەدا کە ئامانجیان داگیرکردنە، دەستکەوتەکانی ژنان و پێکهاتەکانی ناوچەکە دەکرێنە ئامانج، ژنانی کانتۆنی کۆبانێ کە کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکان هەبوو وتیان بە بەرخۆدان وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە.

 

"کۆبانێ شەرەفی ئێمەیە دەیپارێزین"

وەحیدە عوسمان ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورک دەیەوێت سەقامگیری ناوچەکە تێکبدات و هێرشێکی نوێ ئەنجام بدات وتیشی: باوەڕمان بە هێزەکانمان هەیە، بۆیە بە ئاسوودەیی لە ماڵەکانماندا دەژین، وەک کەسێک، سەرەڕای تەمەنی زۆرم و قاچم کە خاوەن پیداویستی تایبەتم چاو و گوێیەکانم بە باشی نابیستن و نابینن، بە گۆچانەکەم دژی دەوڵەتی تورکیا دەوەستم و ڕێگە نادەم خاکەکەم داگیر بکات، دەوڵەتی تورکیا ڕێبەرەکەمانی دەستگیرکردوە و هەروەها هێرشی بەردەوام لە چیاکانی کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام دەدات، بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ و شەڕڤانەکانمان لە هەموو شوێنێک تەواوکەری یەکترن، ئەمەش توڕەیی دەوڵەتی تورکیا زیاتر دەکات، کۆبانێ شەرەفی ئێمەیە ناکەوێتە دەستی تورکەکان.

 

"بێدەنگ نابین"

هەروەها زلەیخا حەسەن توڕەیی خۆی لە هێرشەکان دەربڕی و وتی: چەندین ساڵە دەوڵەتی تورکیا بە هەموو شێوەیەک بەردەوامە لە هێرشەکانی، جگە لە هێرشە زەمینییەکان، میتی دەوڵەتی تورکیا دەبینین کە خۆیان بە پارە فرۆشتووە و زانیاری دەربارەی ناوچەکەیان لەگەڵ ئەوان هاوبەش دەکەن و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومانمان دەکەن، وەک ژنان دژی شەڕ و ململانێ و وێرانکاری و کۆچین، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ئاشتی و سەقامگیری لە هەرێمەکانمان قبوڵ ناکات و هەوڵدەدات لەناومان ببات، لەم دۆخەی ئێستادا، بێگومان بێدەنگ نین، دەوڵەتی تورکیا بە ئاشکرا دەیەوێت شەڕێک دەستپێبکات و ئێمەش وەک گەل و هێزەکان ئامادەین بۆ پرۆسەی قورستر، بە تایبەتی وەک ژنان، سەری خۆمان بۆ دەوڵەتی تورکیا دانانەوێنین و ئامادەین بۆ پاراستنی کۆبانێ، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە بێدەنگی بوەستێنین و پارێزگاری لە بوونی خۆمان بکەین.

 

"چیتر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک قبوڵ ناکەین"

زلەیخا حەسەن جەختی لەوە کردەوە کە چیتر هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک قبوڵ ناکەن و وتی: چیتر ستەمی دەوڵەتی تورک قبوڵ ناکەین، گیانی خۆم لە بەرامبەر تانک و تۆپەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەمە قەڵغان، ئەمە بەسە و دەبێت لە هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک ڕزگارمان بێت، بێگومان گەورەترین هیوام ئەوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ ببینم، چونکە لەناوبردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا مانای بەدەستهێنانی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە.

 

"وڵات لە منداڵ شیرینترە"

ئسلیم موسلیم، کە تەمەنی ٨٠ ساڵەو خەڵکی گوندی ئێلیشاری ڕۆژهەڵاتی کۆبانێیە، وتی: لە کۆبانێ لەدایکبووم و تەمەنی خۆمم تێپەڕاند، بەهۆی ئەو کۆچکردنەی لە ساڵی ٢٠١٤ بینیمان زۆر سەخت بوو، ئەو شارەی کە سەدان کچ و کوڕمان لە پێناویدا گیانیان بەخشی، چۆن بەجێی دەهێڵین بۆ دەوڵەتی تورکیا؟ ئەمە وڵاتێکی شیرینترە لە منداڵان، بۆیە ئەم هێرشانەی ڕۆژانە کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکەمان نییە، هەموومان لە ماڵەکانی خۆمانین، ئەردۆغان دەیەوێت بێت و شەڕ بکات، بەڵام ناتوانێت بمانکوژێت بەو بۆردمانانەی کە دەیکات، دانیشتووی ئەم خاکەین و هیچ هێزێک ناتوانێت ئەم خاکە داگیر بکات.