بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە کامپی داودێی شەنگالییەکان کەوتەوە

لە سنوری شارۆچکەی ئامێدی کاتژمێر ٣:٠٠ی بەرەبەیان ئاگر لە کامپی داودێ کەوتەوە و هۆکارەکەی نەزانراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

کاتژمێر ٣:٠٠ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە چەند کابینەیەکی کامپی داودێ لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی کەوتەوە کە ئاوارەکانى شنگال تێیدا نیشتەجێن.

 

لە ئەنجامی ئەو ئاگرەوە ١٩ کابینەى ئاوارەکان کە هاوڵاتیانى تێدا نیشتەجێبوون، سووتا، بەڵام جگە لە زیانی مادی هیچ زیانێکی گیانى لێنەکەوتووەتەوە.

 

بە وتەى شایەتحاڵەکان کەوتنەوەى ئاگرەکە بەهۆی شۆرتى کارەباوە بووە، بەڵام تائێستا هۆکاری ڕاستی و دروستى ڕووداوەکە نەزانراوەو ڕانەگەیەنراوە.

 

کامپی داودێ دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک و ئاوارەکانی شەنگالی تێدا نیشتەجێن، کە لە ساڵی ٢٠١٤وە لە دەست چەتەکانى داعش ناوچەکانى خۆیان جێهێشتووە.