یوسرا ڕەجەب: بڕیاری نایاسایی بوونی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم بۆ توركیا پەڵەیەکی تری ڕەشە

دوای ئەوەی دادگای پاریس دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی لە بەرژەوەندی عێراق یەکلاکردەوە، یوسرا ڕەجەب، پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەکرد کە بڕیاری نایاسایی بوونی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم بۆ توركیا پەڵەیەکی تری ڕەشە.

ناوەندی هەواڵ

 

دادگای پاریس لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق بڕیاریدا، ئەویش بە تۆمەتبارکردنی تورکیا بە پێشێلکاری ڕێکەوتنەکەی ساڵی ١٩٧٣ کە لەنێوان عێراق و تورکیا واژۆ کراوە، شەوی ڕابردوو حکومەتی تورکیا عێراقیان لە بڕیارەکەی دادگای پاریس ئاگادار کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ملکەچی بریارەکەی دادگای پاریس دەبێت و چیتر ڕێگە نادات بێ پرسی عێراق نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانی تورکیاوە بگوازرێتەوە.

 

لەو بارەیەوە یوسرا ڕەجەب، ئەندامی پەرلەمانی خولی پیشووی پەرلەمانی عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نووسیویەتی: "دادگای پاریس بڕیاری نایاسایی بوونی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم بۆ توركیای ده‌ركرد، ئه‌مه‌ په‌ڵه‌یه‌كی تری ڕه‌شه‌ به‌ ناوچاوانی ده‌سه‌ڵاته‌ خێڵه‌كێكه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌، ئه‌م بڕیاره‌ وا ده‌كات حكومه‌تی فیدڕاڵی به‌ كه‌یفی خۆی مه‌رج بسه‌پێنێت بەسه‌ر هه‌رێم بۆ ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و غاز".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە کە ده‌سه‌ڵاتی خێڵ ته‌نها بۆ سه‌ر خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌ پاڵه‌وانه،‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری هه‌رێم كه‌س حسابیان بۆ ناكات و هه‌موو كاره‌ نابه‌جێكانیان وورد وورد به‌ پێی یاسا و دادگای نیشتیمانی و نێوده‌وڵه‌تی له‌ قاڵب ده‌درێت، هه‌تا بگاته‌ ڕاده‌ی له‌ناوچوونیان كه‌ ملیۆنه‌ها كورد چاوه‌ڕوانی ئه‌و ڕۆژه‌ ده‌كه‌ن.