٢٦ خوێندنگە لە ڕۆژێکدا؛ خوێندکاران لە ئێران ژەهراوی دەبن

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند کە ژمارەی ئەو خوێندکارە کچانەی لە خوێندنگەکان ژەهراوی بوون گەیشتووەتە زیاتر لە ٩٠٠ خوێندکار.

ناوەندی هەواڵ

 

خوێندکارانی ٢٦ قوتابخانە لە سەرتاسەری ئێران لە ڕۆژی چوارشەممە، ١ی ئادار، پاش هەڵمژینی "بۆنێکی نەناسراو" ژەهراوی بوون، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە زۆربەیان بگوازرێنەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکان.

 

لە کاتێکدا ڕژێمی ئێران وردەکاری ژمارەی ئەو خوێندکارانەی ژەهراوی بوون بڵاوناکاتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، شەهریار حەیدەری، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران وتی: تا ئێستا نزیکەی ٩٠٠ خوێندکار لە شارە جیاجیاکانی وڵات ژەهراوی بوون، ئەم ئامارە لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە دەستم کەوتووە.

 

ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ڕایانگەیاندووە، کە بەلایەنی کەمەوە ٢٦ خوێندنگە لە شارەکانی تاران و ئەردەبیل و شاهین شەهر و کرماشان لە ڕۆژی ڕابردوودا بە گازی کیمیایی ژەهراوی بوون، دوای بڵاوبوونەوەی ژەهراوی بوونەوەکە لە چەند خوێندنگەیەکدا، وەزیری پەروەردە ئەو بابەتەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، زۆربەی ئەو حاڵەتانە بەهۆی دروستبوونی کەشێکی دەروونییەوە لەنێوان خوێندکاران و دایک و باوکاندا دروستبووە.

 

ئەو بانگەشانەی وەزیری پەروەردە لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرت و وێنانەی بە دەست گەیشتبوون ئاماژە بەوە دەکەن کە خوێندکارەکان دوای ئەو ژەهراوی بوونە تووشی تەنگە نەفەسی و بێهۆشی بوون.