بە نووسراوێک داوای ڕاگرتنی چالاکییەکانی تایبەت بە یەکسانی جێندەری لە سنوری سلێمانی دەکرێت

بە پێی نووسراوێکی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، کە لە ٢٩ی کانوونی دووەم دەرچووە، بڕیاری‌ داوە هه‌موو چالاكییه‌كی تایبه‌ت به‌ "جێنده‌ر"، له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی قه‌ده‌غه بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە هەرێمی کوردستان توندوتیژییەکان دژی ژنان بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە، بەپێی ئاماری کوشتنی ژنان لە یەکەم مانگی ساڵی ٢٠٢٣دا ١٢ ژن کوژراون، سەرباری بێ پلانی دەسەڵات و هەوڵنەدان بۆ خستنەگەڕی پلانێکی تۆکمە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان دژی ژنان، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی لە نووسراوێکدا چالاکییەکانی تایبەت بە جێندەر قەدەغە دەکات و ئەمەش دەنگدانەوەی ڕۆشنبیران و چالاکوانان بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

 

له‌ نووسراوێكدا كه‌ رۆژی‌ ٢٩ی كانوونی‌ دووه‌م به‌ واژۆی به‌رزان محه‌مه‌د ساڵح، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن بڵاوکراوەتەوە و ئاڕاسته‌ی‌ پارێزگای سلێمانی، ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان، ئیداره‌ی‌ راپه‌ڕین كراوه‌، داوای کردووە هه‌موو چالاكییه‌كی تایبه‌ت به‌ "جێنده‌ر"، له‌ فەرمانگە حکومییەکانی سنورەکەدا ڕێگری لێبکرێت.

 

هۆشیار ئیسماعیل، بڕیارده‌ری‌ لیژنه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ و ژینگه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئاماژەی بەوەداوە كه‌ "نووسراوه‌كه‌ی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن بڕیار نییه‌ و كۆده‌نگی‌ ئه‌نجومه‌نی له‌سه‌ر نییه‌، چونکە بۆ ده‌ركردنی‌ بڕیارێك له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نه‌وه‌، پێویسته‌ سه‌ره‌تا یاداشت ئاڕاسته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌ن بكرێت و دواتر سه‌رۆكایه‌تی‌ بیداته‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی، پاشان بخرێته‌ ئه‌جێندای‌ كۆبوونه‌وه‌وه‌ و دواتر كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌ن بكرێت و به‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌نگ په‌سه‌ند بكرێت، به‌ڵام ئه‌و نووسراوه‌ به‌ هیچ یه‌كێك له‌و قۆناغانه‌دا تێنه‌په‌ڕیووه‌.

 

بڕیارەکە ناڕەزایەتی بەرفراوانی لێکەوتەوە

لە دوای بڵاوبوونەوەی نووسراوەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕۆشنبیر، چالاکوانان و نووسەران ناڕەزایەتی خۆیان لەسەر نووسراوەکە نیشانداوە و بە دژبەریکردنی یەکسانی و مافەکانی ژنان پێناسەی دەکەن.

 

کنێر عەبدوڵا، نووسەر، لەوبارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە، "هەڵەیەکی مێژووییە گەر ئەمە ببێتە یاداشتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی یان بڕیار و بەرزبکرێتەوە!

 

بەڕای من ئەم یاداشتە پێویستی بە پیاداچوونەوە هەیە و هەر دەرچوونی کە ببێتە بڕیار جێی پرسیار دەبێت، پێشنیارکردنیشی ئەوەندەی پەیوەندیدارە بە ئایدۆلۆجی و ئیجتهادی کەسەکان، هێندە خوێندنەوەیەکی بابەتیانە و دیراسەکردنی لەپشتەوە نییە تا ببێتە بڕیار و کاری پێبکرێت، بەدەر لە ڕووە ئیداریی و یاساییەکەی کە ڕێگەیەکی ناڕاست گیراوەتەبەر، بۆیە هەڵوەشاندنەوەی ڕاستترە، نەک بڕیار.

 

لە کاتێکدا لە سەرەتای خەباتی ژنانەوە باسکردن و کارکردن لەسەر ناوەرۆکی ئەم پرسە زۆر بەفراوانی و فرەلایەنی هەیە و سمینار و ڕاهێنەر و هۆشیارکردنەوەی لە ئاست ئەکرێت بێ ئەوەی هیچ کێشە هەبێت و یان تێکدان بوو بێت بۆ شیرازەی خێزان، یاخود مەترسی بووبێت بۆ سەر کۆمەڵ و گەنجان، بگرە تەنانەت جێی ڕەخنەش نەبووە، ئەی خێرە ئێستا زۆربەی خۆیان سەرقاڵی ئەم وشەیە کردووە و وەک ئەوەی کۆمەڵ و حکمڕان و حزب و سیاسەت و هتد بێ خەوش و کێشە بن و وەک وتراوە وڵات شامی شەریف بێت !؟"

 

گۆنا سەعید، چالاکوانی مافی ژنان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێت: "تۆ سەیری ئەم مەهزەلەی دەسەڵاتە لە سلێمانی!!!، وا شەرم دایگرتووم لە جیاتی ئەمانە؛ هەر نازانم چی بڵێم!؟، مەرحەبا ئەی جەهل و وەحشەت مەرحەبا سەد مەرحەبا، تف لە عیلم و سەنعەت و سەد کەهرەبا"، کە ئێوە بەرپرسی بن و بەڕێوەی بەرن".

 

ڕازاو گوڵی، چالاکوان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: کێشەی ئەم وڵاتە و ئەم شارە تەنها پرسی جێندەرە و سوپاس بۆ خوا ئەویش چارەسەر کرا!، وامزانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڕیاریانداوە کە کێشەکانی: کارەبا، نەوت، بەنزین، موچە دزراوەکان، شەقامە پڕ چاڵەکان، باج و گومڕک، گرانی بازاڕ، گرانی دۆلار، جوانکردنی شار ئەخەنە بەرنامەی کارییان."

 

کەژاڵ نوری، چالاکوان بە هەمان شێوە دەربارەی بڵاوکردنەوەی نووسراوەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نووسیویەتی: "مەددە ئیخوانی و سەلەفیەکەی ناو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەستی خۆیان وەشاند و زانستی جێندەرناسیان لە شارەکە قەدەغەکرد".