ڕەنگی ساڵی ٢٠٢٣ سوری تۆخ "هەناری" دەبێت

پەیمانگەی پانتۆن کە نزیکەی ٢٤ ساڵە ڕەنگی ساڵ دیاری دەکات، ئەمساڵ رەنگی سوری تۆخ "هەناری" وەک رەنگی ساڵی ٢٠٢٣ هەڵبژاردووە، چونکە ڕەنگەکە هێز، گەشبینی و بوێری دەبەخشێت.

ناوەندی هەواڵ

 

پەیمانگەی پانتۆن، کە ئەمریکییە ساڵانە لە مانگی کانوونی یەکەم ڕەنگی ساڵی دواتر دیاریدەکات، بۆ ساڵی٢٠٢٣ ئاشکرایکردووە، ڕەنگی "١٨-١٧٥٠ Viva Magenta، کە ڕەنگێکی سووری تۆخە، دەبێتە ڕەنگی ٢٠٢٣.

 

ئەو ڕەنگە ئاماژەیە بۆ هێز بەمەبەستی دروستکردنی ژیانێکی ئەرێنی لە داهاتوودا، واتای بوێری، گەشبینی، خۆشی، چیرۆک و ژیانی نوێ پێشان دەدات، ئەو ڕەنگە ڕەگ و ڕیشەی لە سروشتدا هەیە و هاوسەنگی لەنێوان گەرم و سارد پیشاندەدات.

 

لۆری پرێسمان، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای پانتۆن، ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەو ڕەنگە زیاتر هەستی دڵنیاکردنەوە و متمانەبەخۆبوون دەداتە بینەر، ئەوەش بۆ ساڵی داهاتوو کە پێشبینی نائارامی و ناسەقامگیری دەکرێت، ڕەنگێكی گونجاوە.

 

ساڵی ڕابردوو پەیمانگەکە ڕەنگی مۆری بۆ ساڵی ٢٠٢٢ دیاریکرد، ڕەنگی مۆر ئاماژەیەکە بۆ دەربڕینی بیرۆکە و هەست، هەروەها بەشداریکردن و پەیوەندیکردن، لە کاتی راگەیاندنی رەنگەکە کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە دابوو، ئەو ڕەنگە "تیشک دەخاتە سەر ئەو ئەگەرە فراوانانەی کە لەبەردەم مرۆڤدان".