خوێندکاران لە کۆیە داوای دامەزراندن و لە گەرمیان داوای خزمەتگوزاری دەکەن

خوێندکاران لە هەریەک لە شاری کۆیە و کەلار گردبوونەوە و داوای دامەزراندن و دابینکردنی پێداویستییەکانی بەشە ناوخۆییەکان دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەیانی ئەمڕۆ خوێندکارانی دەرچووی دانەمەزراوی بەشی دەرونناسی زانکۆی کۆیە لەبەردەم بەشەکەیان لە زانکۆی کۆیە گردبوونەوە و ئاماژە بەوەدەکەن کە سەرەڕای چەندین کێشەی دەروونی و نائارامی خوێندکاران لە قوتابخانەکاندا بەڵام دامەزراندن بۆ توێژەر و دەرونناسان نییە.

 

خوێندکارانی شاری کۆیە بە ئاماژەدان بە بۆردومانی دەوڵەتی ئێران بۆسەر کۆیە و دروستبوونی باری نائارامی دەروونی خوێندکاران بەڵام هیچ خوێندنگەیەک توێژەری دەروونی لێنییە، دەشڵێن: حكومەت هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان نادات، هەبوونی ئێمە لەو شوێنانە كە توانای  چارەسەركردنی بەشێكی زۆر لە كێشە دەرونی كۆمەڵایەتیەكانمان هەیە، بەشێکی چارەسەرەکانە.

 

هەر ئەمڕۆ، لە بەردەم زانکۆی گەرمیان لە شارۆچکەی کەلار بەشێک لە خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکان گردبوونەوە و داوایان کرد کە پێداویستییەکانیان بۆ دابینبکرێت، بەپێی قسەی خوێندکاران، کێشە و گرفتەکانی بەشە ناوخۆییەکان بریتین لە نەبووی ساردکەرەوە و گەرمکەرەوە، خراپبوونی بەرزکەرەوە کارەباییەکان و لەکارکەوتنییان، گرانبوونی نرخی خواردنەکانی ناو زانکۆ و دانانی کامێرای چاودێری کە پێشتر نەبووە.