سەدان ژن و منداڵى دیموکرات و کۆمەڵە لە مەترسیدان

بۆردومانەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی دیموکرات لە کۆیە و کۆمەڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زڕگوێز مەترسی بۆ سەر ژیانی سەدان کەس لە ژن و منداڵ دروستکردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەیانی ئەمڕۆ سوپای ئێران بۆردومانی بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە و کۆمەڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زڕگوێز کرد و بە هۆیەوە سەدان کەس لە مەترسیدان.

 

بەپێی ئەو وێنە و زانیارییانەی لە میدیاکانەوە بڵاوکراونەتەوە، بۆردومانەکان بۆ سەر گوندەکان و شوێنی نیشتەجێبوون و قوتابخانەش بووە و بەهۆیەوە لە کۆیە نزیکەی ٤٠ کەسیش بە برینداری گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و ژمارەیەک گیان لەدەستدانیش هەیە.

 

چەندین ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری لە سلێمانییەوە ڕەوانەی زڕگوێز کراوە بۆ گواستنەوەی بریندارەکان.

 

هاوکات بەپێی قسەی چالاکوانانی دیموکرات لە کۆیەوە نزیکەی ١٦٠ منداڵى قوتابخانەى ئازادى و ژن و منداڵانى دانیشتووی کامپەکە لەژێر مەترسی بۆردوماندان.

 

بەپێی زانیارییەکان زیاتر لە ١٥ بۆمب و مووشەک نراوە بە بنکە و بارەگا و ماڵی هاوڵاتی و شوێنە گشتییەکانەوە، ئێرانیش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکان ڕاگەیاند.