زیاتر لە ٦٠٠ هەزار کەس ڕووبەڕووی هەژاری دەبنەوە

میدیا ناوخۆییەکانی ئێران باس لە داڕمانی ئابوری ئێران دەکەن باس لەوەش دەکەن کە مانگانە ٦٠٠-٧٠٠ هەزار کەس لە چینی ناوەندییەوە گوزەرانیان بەرەو چینە نزمەکان دادەڕمێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕۆژنامە و میدیاکانی ئێران، ئاستی هەژاری و داڕمانی ئابوری لە وڵاتی ئێران لە زیادبووندایە، بە بۆچوونی خەسارناسان ٦٠٠-٧٠٠ هەزار کەس مانگانە لە چینی ناوەندەوە دادەبەزن بۆ چینە نزمەکانی ئاستی ئابوری، بەپێی ئامارەکانی ئاستی ئابوری و هەڵئاوسان هێڵی هەژاریی لە ١٢-١٦ ملیۆن تمەن دابەزیوە، کە بەمەش چینی ناوەند نامێنێت و کۆمەڵگە بەسەر هەردوو ئاستی هەژار و دەوڵەمەنددا دابەش دەبێت.

 

ڕۆژنامەی همدلی حکومی لە یەکێک لە بڵاوکراوەکانیدا دەنووسێت: لە پشت پەردەی زبڵەوە کە بە زێڕی پیس ناسراوە، ملیارێک مافیا هەیە کە دەریدەخات هەژاری و سەختی ژیانی توێژە هەژارەکان بە ئاستێک گەشتووە کە لە شارەکاندا دەگەڕێن و لە خۆڵ و خاشاکدا پێویستییەکانیان بەدەستدەخەن.

 

ڕۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە هەژمارەی ئەو کەسانەی ژنیان لەسەر زبڵ و خاشاکە ئەوەندە زۆر بووە، ڕەنگە زبڵەکان بەشیان نەکات، دەشنووسێت: ئەگەر چاوێک بە شەقامەکانی تاراندا بخشێنن لە منداڵانی ١٠-١١ ساڵ تا بە تەمەنی ٧٠ ساڵە، خێزانی چەند کەسی و ژن دەبینیت کە کیسەیان بەدەستەوەیە و ناوشار دەگەڕێن بۆ کۆکردنەوەی خاشاک. ڕۆژنامەکە بە ئاماژەدان بەو داڕمانە ئابوورییە دەیگەڕێنێتەوە بۆ ئەو چەتەگەراییەی پیاوانی ئاینی لەو وڵاتەدا دروستیان کردووە، "ئەوەی ئەمڕۆ کێشەی ئەو کەسانەی ژیانیان لەسەر کۆکردنەوەی زبڵە قوڵتر کردووەتەوە، زیادبوونی ڕێژەکەیانە بەهۆی هەژارییەوە".

 

لەلایەکی دیکەوە حکومەت بودجەی ئەمساڵی پێشکەش بە پەرلەمان کردووە، تێیدا مووچەی فەرمانبەران و کارمەندانی بە ڕێژەی ٪١٠ زیادکردووە، کە بێگومان دۆخی خەڵک بە ڕوونکردنەوەی هەڵئاوسانی ئێستای ئێران و کێشە ئابوورییەکان قورستر دەکات.