لە زیندانی پاتنۆس ئەشکەنجەی ژنە زیندانییەکان درا
زیندانییە ژنەکانی زیندانی پاتنۆس ڕایانگەیاند، لەلایەن پاسەوانەکانەوە لێیان دراوە و دەستیان لە پشتەوە بەستراوەتەوەو خراونەتە ژوورەوە.
ئاگری
ڕاگەیەندرا کە لە زیندانە داخراوەکەی جۆری ئێڵ لە پاتنۆس نزیکەی ٥٠ پاسەوان زیندانییە ژنەکانیان بردووەو ئەشکەنجەیان داون، یەکێک لە زیندانییەکان بە ناوی هێلین ئۆزدەمیر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییە هەفتانەیەکەیدا لەگەڵ خێزانەکەی لە ڕۆژی ١٩ی کانوونی یەکەم، باسی لەوە کردووە کە لە زیندانەکەدا مامەڵەی خراپی لەگەڵ کراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا؛ هێلین ئۆزدەمیر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ تەکین ئۆزدەمیری باوکی ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە، نزیکەی ٥٠ پاسەوان کە پیاویشیان تێدابووە، هەڵیانکوتایە سەر قاوشەکان و وتوویەتی: دوای ئەوەی بە شێوەیەکی جەستەیی دەستوەردانیان لەگەڵدا کردین، لە پشتەوە دەستبەندیان کردین و خستیانینە ژوورەکانەوە، هەم توندوتیژی جەستەیی و هەم توندوتیژی زارەکیمان بەرامبەر کراوە، دژی پێشێلکردنی مافەکان داوا دەکەین دامەزراوەیەکی سەربەخۆ بەدواداچوون بۆ زیندانەکە بکات، دەمانەوێت کۆمەڵگە هەنگاو بنێت.
باوکی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی هێلین ئۆزدەمیری کچی بە تەنیا خرایە ناو ژوورەکەیەوە، توندوتیژییەکان بەردەوام بوون، شینبوونەوە لەسەر دەستەکانی هەیە و لە نەخۆشخانەی ویلایەتی پاتنۆس ڕاپۆرتی ئەشکەنجەی پێنەدراوە، هەروەها هەیریا گۆکسو و ڕومەیسا بۆزکورت لە زیندانییە لێدراوەکان بوون و نەبراونەتە نەخۆشخانە.
تەکین ئۆزدەمیر ئاماژەی بەوەشکرد، مامەڵەی خراپ و توندوتیژی لە زینداندا قبوڵکراو نییە و وتیشی: داوا دەکەین هەستیاری لە کۆمەڵگەدا هەبێت سەبارەت بەو بابەتە و پێویستە دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە هەموو تۆمەتەکان بکرێت، داوا دەکەین ئەنجامدەرانی توندوتیژی لە ئەرکەکانیان دووربخرێنەوە.
هێلین ئۆزدەمیر لە ساڵی ٢٠٢٣ خوێندکاری قۆناغی دووەم بوو لە بەشی بەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتی ئابووری و کارگێڕی لە زانکۆی کشتوکاڵی ئیبراهیم چەچەن، لە هەڵکوتانە سەر ئەو کامپەی کە تێیدا دەستبەسەر کرابوو دەستگیرکرا، و بە تۆمەتی 'ئەندامێتی ڕێکخراوەکە' برایە دادگا.