نەتەوە یەکگرتووەکان داوای پاراستنی قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە بەنگلادیش دەکات

سیۆبان مولالی، شارەزای نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی سەردانەکەیدا بۆ بەنگلادیش داوای پاراستنی قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤی کرد

ناوەندی هەواڵ

 

سیۆبان مولالی، شارەزای نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە بەنگلادیش دەکات، بەتایبەتی بۆ مەبەستی دەستدرێژی و هەراسانکردنی سێکسی و هاوسەرگیریی منداڵان و کاری زۆرەملێ، داوای لە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە کرد کە کاربکەن بۆ بەدەستخستنی ماف و پاراستنی قوربانییەکان.

 

سیۆبان مولالی، لە سەردانەکەیدا بۆ بەنگلادیش، ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی بازرگانی پێوەکردنی هاوڵاتیتان لەگەڵ کۆمەڵێک لە ڕزگاربووان و قوربانیانی بازرگانیکردن ڕاپۆرتێکی ئەنجامدا، لەنێویاندا ئەوانەی بازرگانییان پێوەکراوە بە مەبەستی دەستدرێکی سێکسی، کارپێکردنی زۆرە ملێ، کۆیلایەتی ناوماڵ، منداڵ و هاوسەرگیریی زۆرەملێ.

 

لە بەیاننامەکەی سیۆبان مولالی، ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانیکردن بە مرۆڤ، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی تشرینی دووەم، ڕایگەیاندووە، "پێویستە ڕێوشوێنی بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن و دەستەبەرکردنی هاوکاری و پاراستن بەبێ جیاوازی بۆ هاوڵاتیانی بەنگلادیش".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی لەسەر پێویستی "هەوڵی زیاتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە منداڵان کردووە، لەوانەش لە ڕێگەی باشترکردنی ڕێژەی تۆمارکردنی لەدایکبوون بۆ هەموو کۆمەڵگاکان و کۆتاییهێنان بە هاوسەرگیری منداڵان، هەروەها گرنگی زیادکردنی دەرفەتەکان بۆ کۆچی سەلامەت و بەردەوام، بەتایبەتی بۆ کۆچبەرانی ژن".

 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە گۆڕانی کەشوهەوا بە تایبەتی کاریگەری لەسەر ناوچە کەنارییەکان هەیە و دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاوارەبوون و کۆچکردن، ئەمەش مەترسییەکانی دەستدرێژی و توندوتیژی زیاد دەکات لەگەڵ جوڵەی منداڵان و خێزانەکان بەبێ  هەبوونی پاراستن، بژێوی ژیان و شوێنی حەوانەوەی سەلامەت و گونجاو.