سلێمانی، پەیەدە و کۆنگرەی ستار ٨ی ئاداریان بەرز ڕاگرت

ژنانی پەیەدە و کۆنگرەی ستار لە شاری سلێمانی بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" سیمینارێکیان لەبارەی تێکۆشانی ژنانی کوردستان پێشکەشکرد و گوڵیان بەخشییە ژنانی بەشداربوو.

سلێمانی

 

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە و کۆنگرەی ستار بە بەشداری ژنانی ڕۆژئاوا، سیمینارێکیان لە بارەی تێکۆشانی ژنانی کوردستان ڕێکخست.

 

سەرەتای سیمینارەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستی پێکرد، سوعاد حەفتار، ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆنگرەی ستار بە زمانی عەرەبی وتارێکی پێشکەشکرد.

 

ڕۆزا حەسەن، ئەندامی کۆنگرەی ستار وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: وەک ژنێکی ڕۆژئاوا پیرۆزبایی ٨ی ئادار لە هەڤاڵانی شەهید، ژنانی تێکۆشەر و ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین، پێویستە ژنان تەنها ڕۆژێک بۆ تێکۆشان دانەنێن، ژنان بۆ تێکۆشان دەبێت ٢٤ کاتژمێر لە کار و خەباتدا بن و بۆ مافەکانیان تێبکۆشن، ژنان و مافەکانیان بندەستن، بۆیە دەبێت ژنان دوو هێندە خۆیان هۆشیار بکەنەوە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆیان".

 

ڕۆزا حەسەن لە کۆتایدا وتیشی: ژنان دەبێت ڕێبەریی دۆزی خۆیان و ناسنامەی خۆیان بکەن، ئێستا بە ئیرادەیەکی ئازاد و پاراستنێکی ئازاد ژنان خۆبەڕێوەبەری دەکەن، هەروەها جەژنی ٨ی ئادار لە تەواوی ژنان و ژنانی ڕێکخراوەکان پیرۆز دەکەم، پێویستە تێکۆشینی ئێمەی ژنان نەوەستێت و چاوترسێن نەکرێت، بە هەموو ڕەنگێک تێکۆشینمان بەردەوام بێت.

 

لە درێژەی چالاکییەکەدا سینەفزیۆنێک لەسەر ٨ی ئادار و شۆڕشی ژنانی کورد پێشکەش کرد، خەڵات و گوڵ بەخشرایە ئامادەبووان.