لە کەلار منداڵێکی کچ بە گوماناوی گیانی لەدەستدا

لە شارەدێی ڕزگاری کەلار، منداڵێکی کچی ١٤ ساڵ بە گوماناوی، کە شوێنەواری گولـلە بە لەشییەوە هەیە، گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

کوشتن و گیان لەدەستدانی ژنان و منداڵانی کچ بەردەوامی هەیەو عەقڵیەتی پیاوسالار کە هەمیشە خواستی لەناوبردنی ژنان و شاردنەوەی ڕاستی کوشتنی ژنانە، "خۆکوشوتن" بۆ شاردنەوەی تاوانباران و دەربازبوونیان لە یاسا دەگرێتەبەر، ئەمڕۆ ٣ی ئادار منداڵێکی کچ لە کەلاری سەر بە ئیدارەی گەرمیان بە گوماناوی گیانی لەدەستدا و پۆلیس بەپێی وتەی کەسوکارەکەی ئاماژەی بەوەکرد، خۆی کوشتووە.

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بڵاویکردووەتەوە: بەیانی ئەمڕۆ ٣ی ئادار تەرمی کچە فێرخوازێک بەناوی " د، ا، ع "، تەمەن ١٤ ساڵ، براوەتە پزشکی دادی کەلار کە بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەستدابوو.

 

ئاشکراشی کردووە، کەسوکارەکەی لەکاتی وتەداندا وتوویانە: کچەکە لەگەڵ دایکی لەماڵەوە بووە، بەیانی ئەمڕۆ بە دەمانچەکەی باوکی کە خانەنشینی پێشمەرگەیە فیشەکی بەخۆیەوە ناوە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستداوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەسەرهۆکار و چۆنێتی ڕووداوەکە کراوەتەوە و پۆلیس چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، دەست بەسەر دەمانچە و موبایل و ئایپادی ناوبراودا گیراوە و پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە.