تەندروستی جیهانی: دوای لافاوەکەی کۆنگۆ هەزاران کەس پێویستیان بە یارمەتی هەیە

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوەدەکات، لافاو لە کۆماری کۆنگۆ بووە هۆی ئەوەی سەدان هەزار کەس پێویستیان بە یارمەتی هەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی بارانبارینی چڕەوە لە کۆماری کۆنگۆ زیان بە دەیان بنکەی تەندروستی و هەزاران ماڵ و زەوی کشتوکاڵی گەیشتووەو کاریگەری لەسەر هەزاران کەس کردووە بەتایبەتی ئەوانەی ماڵەکانیان لەدەستداوە.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی ١٢ی کانوونی دووەم ڕایگەیاند، لافاوەکانی ئەم دواییەی کۆماری کۆنگۆ دوای ئەوەی لە کۆی ١٢ پارێزگا زیان بە ٩ پارێزگا گەیشتووە، بوونەتە هۆی ئەوەی سەدان هەزار کەس پێویستیان بە یارمەتی بەپەلە هەبێت.

 

بەهۆی لافاوەکەوە زیاتر لە ١٥ کەس لە ویلایەتی بوکاڤوی ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٣٣ هەزار کەسیش زیانیان بەرکەوتووە.

 

بارانبارین لە وڵاتەکەدا دوو هێندەی تێکڕای ئەو بارانەیە کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣ تۆمارکراوە و زیانێکی بەرچاوی بە نزیکەی ٣٤ دامەزراوەی تەندروستی و ١٢٠ خوێندنگەو زیاتر لە ٦٤ هەزار ماڵ گەیاندووە.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر ڕایگەیاند بارانبارین و لافاو بە درێژایی ڕووباری ئوبانگی لەوانەیە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکانی وەک کۆلێرا و هەروەها ڕێگریکردن لە دەستگەیشتن بە چاودێری تەندروستی دوای ئەوەی ئاستی ئاو بۆ بەرزترین ئاست لە هەموو کاتێکدا بەرزبووەتەوە.