هەدەپە سوپاسی ژنانی بە هەڵوێستی باشووری کوردستان دەکات

هەدەپە بڵاوی کردەوە، سوپاسی ژنانی باشووری کوردستان دەکات، لە پای پشتیوانییان لە هەدەپە و کاندیدانی پارتی چەپی سوز بۆ سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا.

ناوەندی هەواڵ

 

١٤ی ئایار هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەدەچێت، هەدەپە لە چوارچێوەی لیستی پارتی چەپی سەوز بە زیاتر لە ٢٠٠ بەربژێری ژن بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکات و بانگەشەی هەڵبژاردن لەو وڵاتەدا دەستیپێکردووە.

 

هێرۆ فاتمە محەمەد، ژنێکی باشووری کوردستانە و لە پەیامێکدا کە بۆ هەدەپەی ناردووە، دەڵێت: "بژی هەدەپە، ئێمە هەموو پشتیوانین، ئێمە هەدەپە بەرز دەنرخێنین، گەلی کورد لە باکوور، باشوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بۆ سەرکەوتنی هەدەپە دوعا دەکەن".

 

هێرۆ فاتمە محەمەد لە پەیامەکەیدا باس لەوەدەکات، "هەدەپە هیوای ٥٠ ملیۆن کورد و ١٠٠ ملیۆن گەلی دیکەیە کە باوەڕیان بە ئازادی و مافی مرۆڤ هەیە، هەدەپە نوێنەرایەتی کورد، تورک و هەموو کەسێکە کە باوەڕی بە ئاشتی، دادپەروەری و پێکەوەژیانی ئاشتیانە هەیە، حکومەت دەتوانێ ناوەندەکانی هەدەپە دابخات، بەڵام ناتوانێت هەبوونی هەدەپە لەناوببات، چونکە هەدەپە لە دڵ و مێشکی ئێمەدا دەژی".

 

ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر وەڵامی پشتگیرییەکەی داوەتەوە و دەڵێت: ڕێهەڤاڵە ژنەکانمان لە باشووری کوردستانەوە پەیامێکیان بۆ ناردووین، ئێمە زۆر سوپاسیان دەکەین و هەر هەبن".