ناسنامەی ٣٤ منداڵی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەکە دەستنیشان نەکراوه

وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە منداڵانی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات لە باکووری کوردستان و تورکیا ڕایگەیاند، هێشتا ٣٤ منداڵ ناسنامەیان دەستنیشان نەکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی زانیارییەکان، ٩١٥ منداڵ لە ژیر داروپەردووی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، لە ناوەندی مەڕەش بە زیندووی ڕزگار کراون و بە بێ کەس تۆمارکراون، وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاند، تا ئێستا ٣٤ منداڵ ناسنامەیان دەستنیشان نەکراوە.

 

لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکەدا کە لە تویتەر بڵاوکراوەتەوە، نووسراوە:

"دوای پشکنینی ناسنامە و ناسینەوەی ناسنامەکان، یەک هەزار و ٧٧٤ منداڵ ڕادەستی خێزانەکانیان کراون، پڕۆسەی چارەسەرکردنی ٥٣ منداڵ لە نەخۆشخانەکاندا بە وردی چاودێری دەکرێت، ٧٩ منداڵ کە چارەسەریان بۆ کراوە لە ژێر چاودێری دامەزراوەکە دان، ٣٤ منداڵ هەیە کە لە شوێنی چاودێری منداڵان دانراون بەڵام ناسنامەیان دەستنیشان نەکراوە، ٧ منداڵ لە نەخۆشخانە لە کاتی چارەسەرکردن گیانیان لەدەستداوە، هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی مۆدیولی منداڵانی بەڕیوەبەرایەتی ئافاد، ٤٧٢ منداڵ کە ڕادەستی خێزانەکانیان کرابوون، گیانیان لەدەستداوە".