ئامینە شەنیاشار: هەمووان چاوەڕێی ڕۆشتنی ئەردۆغانن

ئامینە شەنیاشار سەرەڕای ئەو دۆسیانەی کە کراونەتەوە و کێشە تەندروستییەکانی بەردەوامە لە ئێشکگری دادپەروەری لەبەردەم دادگای ڕەحا، دەربارەی هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار وتی: هەمووان لە زوڵم بێزار بوون و دەیانەوێت نەمێنێت، با ئەردۆغان بڕوات، دادپەروەری دێت.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ڕەحا- ئێشکگری دادپەروەری ئامینە شەنیاشار، کە هاوژینەکەی و دوو کوڕەکەی لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا لەلایەن پاسەوانان و کەسوکاری ئیبراهیم خەلیل یەڵدزی پەرلەمانتاری ئاکەپەوە لە ناوچەی پرسوسی ڕەحا کۆمەڵکوژکران،  لەگەڵ فەرید شەنیاشاری کوڕی، کە بە برینداری ڕزگاری بوو لە ٩ی ئاداری ٢٠٢١ەوە لە بەردەم دادگای ڕەحا دەستیپێکرد، سەرەڕای فشار و ئاستەنگەکان لە ساڵی ٣ی ئێشکگرییەکەیدا، ١٠ داوای یاسایی لەسەر ئامینە شەنیاشار تۆمارکراوە، بەڵام ڕانەوەستاوە لە داواکردنی دادپەروەری.

 

ئامینە شەنیاشار چەندین جار لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە و لە ٥ کەیسی جیاوازدا دادگایی دەکرێت، بڕیاریداوە بەردەوام بێت لە چالاکییەکانی تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانی، ئامینە و فەریت شەنیاشار بەیانیان لە پیرسوسەوە دێنە ڕەحا و لەبەردەم دادگا دەست بە ئێشکگرتن دەکەن، ئێواران دەیان کەس کە لە شارە جیاجیاکانەوە دێن بۆ هاوسۆزی لەگەڵیان لەسەر مێزی بەربانگ دادەنیشن، ئەو هاودەنگییەش ڕۆژ بە ڕۆژ گەشە دەکات.

 

"من دادپەروەریم بۆ هەمووان دەوێت"

لەگەڵ ئامینە شەنیاشار قسەمان کرد سەبارەت بە ئێشکگری و هەڵبژاردنی داهاتووی وڵاتی تورکیا، سەرەتای قسەکانی بە وشەی "دادپەروەری لەم وڵاتەدا نییە" دەستپێکرد و بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکانی ١٤ی ئایار وتی: هەموو کەسێک دەیەوێت ئەردۆغان بڕوات، خەڵک لەم زوڵمە بێزار بوون، من دادپەروەریم دەوێت، دادپەروەریم دەوێت بۆ هەموو خەڵک نەک تەنها بۆ خۆم، هیچ دادپەروەرییەک لەم حکومەتە و ئەم دەوڵەتەدا نییە. چالاکییەکەی ئێرەمان بووەتە ٣ ساڵ، من چەندین ساڵە لێرە دادەنیشم و ساڵی ڕابردوو ٣٠ ڕۆژی ڕەمەزان لێرە بەربانگمان کردەوە، ئێمە بە حەسرەتەوە بووین کە ئێواران لەگەڵ منداڵەکانمان دانیشین، خوا مافمان لە زەویدا نەهێڵێت.

 

"با هەموو مرۆڤە بێتاوانەکان ئازاد بکرێن"

ئامینە شەنیاشار باسی لەوەشکرد، هەموو ڕۆژێک بە هیوای کۆتایی هاتنی ئەم زوڵمە لە خەو هەڵدەستێت و وتی: کوڕەکەم ماوەی ٦ ساڵە لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە، من لێرە دادەنیشم چونکە دادپەروەریم دەوێت بۆ هەمووان، بەسە کوڕەکەم با بێتەوە ماڵەوە، با لە جەژندا کوڕەکەم ببینم، لەم دوو ساڵەدا بەڕاستی لەم شوێنەدا ڕووبەڕووی زوڵم بووینەوە، زۆر جار لێرە دەستبەسەر کراین، لێمان دەدرا، خەریک بوو فەریدی کوڕم بکوژن، تەنها زوڵم دەکەن، با هەموو ئەو کەسانەی کە بە بێ تاوان و بە ناڕەوا گیراون بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، من بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕێی ئەو ڕۆژانەم، من لێرەم بە هیوای ئەو ڕۆژانە و لێرە ناڕۆم تا کوڕەکەم دێت.

 

"هەموو کەس چاوەڕێی کۆتایی ئەم زوڵمەن"

ئامینە شەنیاشار لەم دواییانەدا سەبارەت بە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ١٤ی ئایار وتی: بەیانی دێینە ئێرە و ئێواران دەگەڕێینەوە ماڵەوە، با هەموو جیهان بزانێت خێزانەکەم چۆن کوژراون، با ئەردۆغان بڕوات، ئێمە چاوەڕێی دادپەروەریین. هەموو خەڵک چاوەڕێی ئەمە دەکەن و دەڵێن "با ئەم زوڵمە کۆتایی بێت"، ئەگەر ئەردۆغان بڕوات ئەم زوڵمەش کۆتایی دێت، مرۆڤ دەکوژێت، فڕێی دەداتە زیندانەکانەوە، هەموومان دەمانەوێت ئێستا بڕوات.