گوشارەکان ژنانی کرماشان لە ڕەتکردنەوەی حیجابی ناچاری ڕاناگرن

داخستنی فرۆشگاکان، هێرشی دەزگای فەرمان بە چاکە، سزای سەرپێچی ٥٠٠ ملیۆن بۆ ٣ ملیار تمەن و هەڕەشەی ئیمامەکانی هەینی ژنانی کرماشان لە ڕەتکردنەوەی حیجابی ناچاری ڕاناگرن.

ژوان کەرەمی

 

کرماشان- گوشارەکانی حکومەت و پێداگرییان لەسەر سەپاندنی حیجاب بەسەر ژنان لە مانگی ڕەمەزاندا زیادیکردووە، بە داخستنی دەرگای فرۆشگا، دەرمانخانە و کافێکانی خزمەتگوزاری پێشکەش بە کڕیاران دەکەن بەبیانووی نەبوونی حیجاب و دەرچوون لە یاساکانی ئاین، دامودەزگاکانی حکومەت فشار دەخەنە سەر ئەو ژنانەی لە لەچکەکانیان شلە و ئازادی جلوبەرگ پەیڕەو دەکەن، لەلایەکی دیکەوە، ئەندامانی دەزگای فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە توندوتیژی دژ بە ژنان ئەنجام دەدەن و ئیمامەکانی هەینی و پەرلەمانتاران بە هەڵوێست و پێشنیارەکانیان بۆ سەرپێچی و سزادان پاڵپشتی ئەم توندوتیژی و سەپاندنە دەکەن.

 

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو گوشار و سەرکوتانە، ژنانی کرماشان پێداگرن لەسەر ڕەتکردنەوەی حیجابی ناچاری، هەڵبژاردنی ئازادی جلوبەرگ، مافی خاوەندارێتی لە جەستەیان و درێژەیان بە بەرخۆدانی مێژوویی خۆیان لە بەرامبەر زۆرەملێ و سەپاندن بە ئامادەبوونی بەربڵاو لە شەقامەکاندا داوە.

 

هەرچەندە لەبەر دۆخی ئەمنی ژنان ناتوانن بۆ میدیاکان قسە بکەن، بەڵام نوژنها لەگەڵ دوو لەو ژنانە قسەی کرد، کە حیجابی ناچاری ڕەتدەکەنەوە.

 

"دەمەوێت پێداگری لەسەر بڕیارەکەم بکەم"

ناهید، ناوی خوازراوی ژنێکی ڕەنجکێشی ٣٢ ساڵە، باسی لە هۆکارەکانی نەکردنی حیجاب کرد و وتی: من بەڕاستی باوەڕم بە حیجاب نییە، دەمەوێت پێداگری لەسەر بڕیارەکەی خۆم بکەم و بە خێزان و کۆمەڵگەکەم بڵێم نامەوێت شتێک بکەم کە حەزم لێی نییە و باوەڕم پێی نییە، کاتی ئەوە هاتووە ژنان پێداگری لەسەر سەرەتاییترین مافی خۆیان بکەن و هەمووان بزانن، کە ناتوانن بە زۆر و بە ترساندنی خەڵک هیچ شتێک بکەن تا خواستەکانیان بسەپێنن.

 

مەهتاب، ناوی خوازراوی ژنێکی دیکەیە، باسی لەوەکرد کە هەرچەندە ڕۆژانە کاری زۆر دەکات بەڵام حیجاب چالاکییەکانی کەم دەکاتەوە و وتی: کاریگەریەکانی سەرکوتکردن لە ڕێگەی حیجابەوە بۆ ژنان زۆرە، لەوانەش شکاندنی ڕۆحی ژنان و باوەڕنەکردنە بە کەسایەتی خۆیان، هەمیشە ژنان هەست دەکەن کە جیاوازن لە کۆمەڵگە و لە پیاوان جیاوازییان هەیە، بۆ منیش کردنی حیجاب بووەتە شتێکی بەرگە نەگیراو، لە کاتێکدا چالاکییەکانی ڕۆژانەم جیاوازی نییە لەگەڵ پیاوان، بەڵام حیجاب تەنها قورسییەکە و کارایی ئەنجامدانی چالاکییەکان کەمدەکاتەوە.