کوردستان پێنج خولەک بۆ هەڵەبجە بێدەنگ بوو
لە چوار پارچەی کوردستان ئەمڕۆ بۆ ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە هەمووان پێنج خولەک بێدەنگیان ڕاگەیاند.
ناوەندی هەواڵ
ساڵانە لە کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆی ١٦ی ئاداردا، کوردان مەراسیمی وەستان بە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە بەڕێوەدەبەن، ئەمساڵیش لە چوار پارچەی کوردستان و بەتایبەت باشووری کوردستان ئەم مەراسیمە بە پێنج خولەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان بەڕێوەچوو.
لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستاندا ترافیکەکان بەشێوەیەکی کاتی لە کاتژمێر ١٠:٥٥ خولەک ڕاگیران و خەڵک کاروباری خۆیان ڕاگرت.
هاوکات لە سەرجەم دامەزراوەکانی خۆبەرێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا فەرمانبەران و بەرپرسان کارەکانیان ڕاگرت و لەسەر شەقامەکان بۆ ماوەی پێنج خولەک بە بێ دەنگی وەستان.
هەمان مەراسیم لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەلایەن خەڵکەوە ئەنجامدرا، بەڵام لەو ناوچانە خەڵک وەک کردەیەکی خۆرسکی ئەنجامیاندا.