ژنانی ئازادیخواز گوڵیان پێشکەشی ژنانی ڕەنجکێش کرد

لە درێژەی چالاکیەکانی ٨ی ئاداردا، ژنانی ئازادیخوازی چوار پارچەی کوردستان گوڵیان بەسەر ژنانی ڕەنجکێشدا دابەشکرد و ١٦ نەمامیان بۆ ڕۆحی ژینا ئەمینی چاند.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی ژنانی ئازادیخوازی چوار پارچەی کوردستان، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژناندا، گوڵیان پێشکەشی ژنانی ڕەنجکێش کرد و هیوای ژیانێکی ئازادیان بۆ خواستن.

 

خەدیجە مەحمود، ژنێکی ڕەنجکێشە لە کارگەی خەجێ خانم، پیرۆزبایی ٨ی ئاداری ئاڕاستەی هەموو ژنانی جیهان کرد و وتی: بە بۆنەی ٨ی ئادار داوا لە هەموو ژنان دەکەم لەسەرپێی خۆیان بوەستن و پشت بە خۆیان ببەستن، ژنان دەتوانن بەردەوام بن لە تێکۆشان و خەبات بۆ بەدەست هێنانی مافەکانیان.

 

دڵگیر محەمەد، ئەندامی دەستەی ژنانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد، بە بۆنەی ٨ی ئادارەوە کە ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنانە، پیرۆزبایی لە هەموو ژنێک دەکەم، ئەمڕۆش ئامانجی گوڵ بەخشینەوەمان بە ژنانی ڕەنجکێش پیرۆزبای لێکردنیانە بە بۆنەی ئەم ڕۆژەوە، چونکە ئێستا ژنان پشتیان بە خۆیان بەستووە و دەیانەوێت خۆیان کاربکەن، بۆیە بەسە ژن کوشتن و توندوتیژی کردن بەرامبەر بە ژنان، چونکە ژن واتە ژیان ئەگەر ژن نەبێت ئێمەش نابین.

 

دواتر ژنانی ئازادیخواز لە پارکی هەواری شاری سلێمانی بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی و ژن گوڵە مەیکوژە"  ١٦ نەمامیان بۆ ڕۆحی پاکی ژینا ئەمینی چاند.