ئامۆژگاری کەسانی چاکبووەوە لە نەخۆشی شێرپەنجە دەکرێت

بەگوێرەی توێژینەوەیەک، ئەو کەسانەی لە نەخۆشی شێرپەنجە چاکبوونەتەوە خواردنی خۆراکی تەندروست جیاوازییەکی زۆر گرنگ و بەرچاو تێیاندا دروست دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

لە توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی ئۆهایۆی ئەمریکی، کە لە گۆڤاری "خۆراک و شێرپەنجە"دا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، خواردنە تەندروستەکان کاریگەرییەکی گەورەیان هەیە لە کەمکردنەوەی دەرئەنجامەکانی شێرپەنجە.

 

توێژینەوەکە ئاشکرایکردووە، گرنگترین ئەو خواردنانەی کاریگەرییان دەبێت بریتین لە دانەوێڵە تەواوەکان، تۆوەکان و ماسی بە بڕێکی باش چەوری تەندروست، لەگەڵ سەوزە و میوەکان.

 

ماریا بیتونی، پسپۆڕی بواری خۆراک لە زانکۆی ئۆهایۆ باسی لەوەکردووە، میوە ڕەنگاوڕەنگەکانی وەک پرتەقاڵی و سور و زەرد، سوودێکی زۆر بە لاشەی ئەو کەسانە دەگەیەنن لە شێرپەنجە چاکبوونەتەوە و یارمەتییان دەدەن کەمتر هەست بەماندوویەتی بکەن.

 

توێژینەوەکە لەسەر ١٠ کەس ئەنجامدراوە کە لە نەخۆشی شێرپەنجەی لیمفەگرێکان چاکبوونەتەوە، لەکاتێکدا چارەسەرەکان کاریگەری گەورەیان لەسەر سیستمی هەرس و گەدەیان هەبووە و تووشی هەوکردن بوون، ئەوەش خراوەتەڕوو خۆراکی تەندروست وەک خواردنی بەلایەنی کەمەوە تەنها یەک میوە لە ڕۆژێکدا، کە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین C لەگەڵ خواردنی میوە ڕەنگ زەردەکان و تەماتە و ماسی، زۆر گرنگە بۆ ئەوانەی لە شێرپەنجە چاکبوونەتەوە.

 

هەروەها ژمارەیەکی زۆر لەوانەی لە شێرپەنجە چاکبوونەتەوە پێویستیان بەوەیە بڕێکی زیاتر وزە وەربگرن، هەتاوەکو بتوانن ئەرکەکانی ڕۆژانەیان ئەنجام بدەن و ئەمەش لە ڕێگەی خواردنی تەندروستەوە بەدەستدێت.