ئیستەنبوڵ، کۆنفرانسی "کۆماری دیموکراتیک" دەستیپێکرد

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە، لە کۆنفرانسی "کۆماری دیموکراتیکدا وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، ئەم کۆمارە کلیلی هەموو کێشەکان دەبێت و دەبێت هەموو کەسێک لە تەمەنت ٧-٧٠ ساڵیدا خۆیان ڕێکبخەن و بەرپرسیارێتی لە کۆمارەکەدا بگرنە ئەستۆ.

ئیستەنبوڵ

 

پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە لە ناوەندی ڕۆشنبیری جەم کاراجا لە ناوچەی بەکرکۆی ئیستەنبوڵ کۆنفرانسی "کۆماری دیموکراتیک"ی بە بەشداری نووسەر، ڕۆشنبیران، سیاسەتمەدار، ئەکادیمیست و ڕۆژنامەنووس و دەیان کەسایەتی ڕێکخست و بڕیارە دوو ڕۆژ بەردەوام بێت.

 

پەروین بوڵدان و میتحەت سەنجار، هاوسەرۆکانی هەدەپە، وتاری دەستپێکیان پێشکەشکرد و بە زمانی کوردی و تورکی سڵاویان لە بەشداربووان کرد.

 

"بە بیرۆکەی هاوبەش کۆدەبینەوە"

پەروین بوڵدان لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند، لە کۆنفرانسەکەدا شێوازەکانی کۆکردنەوەی کۆمار و دیموکراسی تاوتوێ دەکەین و بە بیرۆکەی هاوبەشەوە کۆدەبینەوە، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی گەلان کۆنفرانس وەک سەرەتایەکی نوێ وەردەگرین. لە پڕۆسەی داهاتوودا بە بەشداریی بەرفراوانتر و دیدارەکان درێژە بە کۆنفرانسەکانی کۆماری دیموکراتیک دەدەین، ئەنجامی کۆنفرانسەکە دەبێتە پریشکێکی گرنگ بۆ کارەکانمان.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، لە پرۆسەی شەڕ، قەیران، هەژاری و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکاندا پێویستە بە خەباتی هاوبەشی دیموکراسی و ئاشتی و دادپەروەری ڕزگارمان ببێت، ئەمەش بە کۆمارێکی دیموکراتیک پێکدێت، ئێمە وەک کۆمەڵگە و گەلی تورکیا لە قەیرانێکی زۆر گەورەدا دەژین کە سیستەمی پاوانخوازی دروستی کردووە. هەژموونی یەکتاپەرستی هەوڵ دەدات هۆشیارییەکی لەو شێوەیە دروستبکات، بۆ جیاکردنەوەی هەموو کورد و عەلەوی و ئەرمەنی و باوەڕ و ناسنامە و کولتوور و زمان و ڕەنگ و ژن و گەنج و کرێکار، هۆکاری هەموو تێکچوونە مێژوویی و سیاسییەکان یەکتاپەرستییە.

 

"کۆماری دیموکراسی کلیلی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانە"

پەروین بوڵدان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کلیلی چارەسەری هەموو کێشەکان کۆماری دیموکراتیکە، گرنگ نییە سیاسەت سەربکەوێت، ئەوەی گرنگە کە پرۆسەی دیموکراسی بۆ ٨٥ ملیۆن کەس سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، کە دەیانەوێت لە وڵاتێکی یەکسان و ئازاددا بژین، بە دڵنیاییەوە ئەم پرۆسەیە دەست پێدەکات.

 

"ئێمە دەبێت بیبەینەوە"

لە کۆتایدا هاوسەرۆکی هەدەپە ئاماژەی بەوەدا، "با خاوەنی سەردەمی نوێ بین، با هیچ گومان و نیگەرانییەک لەم بارەیەوە نەبێت، پێکەوە و بە خەباتی هاوبەشمان سەردەکەوین، لێرەدا بەشداریکردن و ئەو سیمینارانەی کە پێشکەش دەکرێن، زۆر گرنگن بۆ دیاریکردنی داهاتووی کۆنفرانسەکەمان.

 

دوای وتاری کردنەوەی کۆنفرانسەکە بە یەکەم دانیشتن دەستیپێکرد.