یونسێف: لە ماوەی ٧ مانگدا ١٥ منداڵ لە یەمەن گیانیان لەدەستداوە

سندوقی هاوكاری منداڵانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان-یونسێف ڕایگەیاند، لە ماوەی ٧ مانگدا لە یەمەن ١٥ منداڵ بەهۆی سورێژەوە گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ


لە ڕاپۆرتێكدا كە لەلایەن سندوقی هاوكاری منداڵانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان-یونسێف بڵاوكراوەتەوە، زانیاریی سەبارەت بە حاڵەتەكانی تووشبوون بە سورێژەی منداڵان لە یەمەن لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ەوە تا مانگی تەمووز خراوەتەڕوو.


لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، لە ٧ پارێزگای یەمەندا بە عەدەنی پایتەختیشەوە یەک هەزار و ٤٠٠ حاڵەتی تووشبوون بە سورێژە تۆمار كراوە و ١٥ منداڵ بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.


بەپێی داتاكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە یەمەن تەنها ١٣٪ی پێداویستییەكانی كەرتی تەندروستی دابین دەكرێت، هاوكات بەپێی ڕاپۆرتەكانی كۆمسیاری باڵای كاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكانیش، بەهۆی جەنگی ناوخۆییەوە لە ٧٣٪ی خەڵكی یەمەن نزیكەی ٢٣ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار كەس پێویستیان بە هاوكاری مرۆیی هەیە و ٤ ملیۆن ٣٠٠ هەزار كەسیش ئاوارە بوون.