ژمارەی دانیشتوان ٨ ملیاری تێپەڕاند؛ قەیران لە زیادبووندایە

بەپێی خەمڵاندنەکانی بەشی دانیشتوانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ ژمارەی دانیشتووانی جیهان هەشت ملیاری تێپەڕاندووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەشی دانیشتوانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە  ئەمڕۆ ١٥ی تشرینی دووەم، ژمارەی دانیشتووانی جیهان هەشت ملیاری تێپەڕاند.

 

ئەنتۆنیۆ گۆتێریس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەم ژمارەیەکە دەرفەتێکە بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی هەمەجۆریی و پەرەسەندن، هاوکات ڕێزگرتنە لە بەرپرسیارێتی هاوبەشی مرۆڤایەتی بەرامبەر بە هەسارەکە.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆکاری زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان دەگەڕێنێتەوە بۆ گەشەسەندنی تەمەنی مرۆڤ، بەو پێیەی مرۆڤەکان تەمەنیان زیاترە بەهۆی باشترکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی و خۆراک و پاکوخاوێنی کەسی و دەرمان.

 

هەروەها دەرئەنجامی بەرزبوونەوەی ڕێژەی منداڵبوونە، بەتایبەتی لە وڵاتانی هەژارترین وڵاتانی جیهان، کە زۆربەیان لە ئەفریقای ژێر سەحرادان، ئەمەش ئامانجەکانی گەشەپێدان دەخاتە مەترسییەوە.

 

گەشەی دانیشتووان کاریگەری نەرێنی دەکاتەسەر هەسارەی زەوی، بەو پێیەی گۆڕانی کەشوهەوا و قەیرانی ژینگەیی، قەیرانی دانەوێڵە و کەمی خۆراک لە جیهاندا، کەمبوونەوەی سەرچاوەی ئاوو و سەرچاوە سروشتییەکان و قەیرانە ئابوورییەکان ژیانی مرۆڤایەتییان قورس کردووە و لە مەترسی نزیک بووەتەوە.

 

هەندێک ترسیان هەیە ژمارەی ٨ ملیار کەس لە توانای هەسارەکە تێپەڕێنێت، زۆربەی شارەزایانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە گەورەترین کێشە لە زیادەڕۆیی بەکارهێنانی سەرچاوەکاندایە لەلایەن دەوڵەمەندترین کەسەکانەوە، کە کەسانی هەژاری لە لێدواری مەرگ نزیک کردووەتەوە.