ڕاپۆرتی پزیشکی داد دەربارەی ژینا ئەمینی ڕەتکرایەوە

پارێزەری ژینا ئەمینی ڕایگەیاند کە ڕاپۆرتی پزیشکی دادی ئێران دەربارەی گیان لەدەستدانی ئێران ڕەتدەکەنەوە و وتی: لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە نەشتەرگەری دەکات کە هۆکاری مردنی بووە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە و لەناو ڤانی دەوریەی ئیرشاد توشی جەڵدە بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، ٢٢ ساڵی خەڵکی سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن پۆلیسی ڕەوشت لە شاری تارانی پایتەختی ئێران، ڕێکخراوی پزیشکی دادی ئێران لە لێکۆڵینەوەی گیان لەدەستدانەکەیدا، وەهای خستەڕوو کە بە هۆی بەرکەوتنی زەبر بەر سەر و ئەندامانی جەستەی گیانی لەدەست نەداوە، بەڵکو لەبەر نەخۆشیەک بووە کە لە تەمەنی هەشت ساڵیدا نەشتەرگەری بۆکراوە.

 

ساڵح نیکبەخت، یەکێک لە پارێزەرانی بنەماڵەی ژینا ئەمینی، لە کەناڵی بی بی سی فارسی ڕەتیکردەوە کە ڕاپۆرتی پزیشکی داد دروست بێت و ئاماژەی بەوەدا ئەو قسانەی پشكنەری پزیشكی، كە گوایە مردنی ژینا ئەمینی بەهۆی نەشتەرگەری وەرەمێکەوە بووە كە پێشتر ئەنجامدراوە، بێ بنەمایە، چونكە هەم ئەو پزیشكەی چارەسەری بۆ كردووە و هەم پزیشكانی دەمار ئەم ئیدیعایەیان ڕەتكردۆتەوە.

 

پێشتر نیکبەخت لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بە نەشتەرگەرییەکەی ژینا ئەمینی لە ساڵی ٢٠٠٦ کرد و وتبووی، کە نزیکەی ١٥ ساڵ لەمەوبەر کاتێک تەمەنی ٧ ساڵ بوو نەشتەرگەری بۆ کراوە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی بە مردنەکەیەوە نییە.

 

ساڵح نیکبەخت لە گفتوگۆکەیدا لە کەناڵی بی بی سی فارسی، مردنی ژینا ئەمینی و بەستنەوەی بە "نەشتەرگەری منداڵی یان خواردنی حەبی غودەی دەرەقی" ڕەتکردەوە و وتیشی: هەر کێشەیەکی جەستەیی هەبێت، کاتژمێر و نیوێک دوای ئەوەی لەناو ڤانی دەوریەی ئێرشاد بووە و دوای گواستنەوەی بۆ دەوریەی ئێرشاد، لەناکاو تووشی جەڵتەی مێشک و جەڵتەی دڵ و لەکارکەوتنی گورچیلە دەبێت و ٩٨٪ نیشانە ژیانییەکانی لەدەست دەدات.

 

پارێزەرەکەی ژینا ئەمینی باسی لەوەشکرد کە دۆسیەکە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە و لە قۆناغی دادگادا نییە.