١٢مین ڕۆژی ڕاپەڕینی نەتەوەیی؛ دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران بەردەوامە

سەرەڕای ژینگەی ئەمنی و پچڕانی ئینتەرنێت و سەرکوتکردنی توندی خۆپیشاندەران، ناتوانرێت دەست بە ئاماری ڕاستەقینەی ئەو کەسانە بگات کە دەستگیرکراون، بەڵام ڕۆژانە ئەو ژمارەی دەستگیرکراوان زیاد دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە شارە جیاجیاکانی ئێران و تەشەنەسەندنی ئەو ناڕەزایەتیانە، ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران، چالاکوانانی مەدەنی، خوێندکاران و چالاکوانانی سیاسی دەستبەسەر و هەڕەشەیان لێکراوە.

 

بەپێی هەواڵەکانی دوێنێ، ٢٧ی ئەیلول، دوو هاوڵاتی خەڵکی شاری شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون. هەروەها ڕامین کیانی سکرتێری کۆمەڵەی زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی تاران، شەهریار شەمس خوێندکاری کارگێڕی لە زانکۆی ئازاد و چالاکوانی خوێندکاران، حوسێن ڕەهاد خوێندکاری ماستەر لە زانکۆی نیشابور لە ماڵەکەی خۆیاندا دەستبەسەر کران.

 

هەروەها محەمەد پردەباف خوێندکاری زانکۆی یەزد بۆ زانست و هونەر، نیما سوڵتانی خەڵکی بانە و خوێندکاری بەکالۆریۆس لە کاری دەستی لە زانکۆی هونەری تاران، موحسین نیکمانەش خوێندکاری گرافیک لە زانکۆی هونەری تەبرێز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران لە سەرانسەری زانکۆکانی ئێران دەستبەسەر کران.

 

بەپێی ئەو هەواڵانەی چەند ڕۆژی ڕابردووش، سارا سەنیعی پەیکەرتاش لە ماڵە تایبەتەکەی خۆیدا دەستگیرکراوە. لە بەهبەهان ٣ هاوڵاتیی ناڕازی دەستبەسەر کران، هەروەها ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانی دیکە لە شارەکانی مەرەند، تاران، کەرەج، تەبرێز، بۆکان، شنۆ و شارەکانی دیکەی ئێران و ڕۆژهەڵات کوردستان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون.