سینەماکارانی ئێران لە دژی گێچەڵکردن بۆ سەر ژنان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە

سینەماکارانی ئێران لە دژی ئەو دەستدرێژی و گێچەڵپێکردنە سێکسیانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە، سەرباری ئەوەی کاردانەوەی جەماوەری بەدوای خۆیدا هێناوە بەڵام بەرپرسانی ئێران هێشتا بە بێدەنگی ماونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژمارەیەک لە سینەماکارانی ژن لەگەڵ دەیان فیلمسازی ئێرانی بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە کە توندوتیژی و گێچەڵکردنی سێکسی لە دژی ژنان لە سینەمادا ئاشکرا دەکەن و باس لە ڕادەی هەڕەشە و سوکایەتی و دەستدرێژی بۆ سەر مافەکانی ژنان دەکەن، بە بڵاوکردنەوەی ئەو بەیاننامەیە پشتڕاستی هەبوونی دەستدرێژییەکان بۆ سەر ژنان دەکرێت و داوای لێپێچینەوەی توند لە تاوانبارەکانیش دەکرێت.

 

کەسایەتییەکانی وەک: نیکی کەریمی، هەدیە تارانی، نیگار جەواهریان، تەهمیە میلانی، تەرانە عەلیدۆستی، ڤیشکا ئاسایش، کەتایون ڕیاحی و هانیە تەواسۆلی و دەیان کەسایەتی ناسراوی دیکە دەڵێن کە ئەو بەیاننامەیە بۆ یەکەمجار هاوارێکی کۆمەڵی ئەو ژنانەیە کە دەیانەوێت ڕووبەڕووی توندوتیژییەکان ببنەوە.

 

سومەیە میرشامسی یاریدەدەری دەرهێنەر و پلانداڕێژەر لە ٢٣ی ئاداردا لە تویتەرێکدا فەرهاد ئەسلانی ئەکتەری ناوداری فیلمی ئێرانی تۆمەتبارکرد بە گێچەڵ و هەڵسوکەوتی خراپ لەگەڵ  تیمی کارمەندانی پشتی کامێرا، ئەمە یەکەمجار نییە تۆمەتێکی لەو شێوەیە لە دژی کەسایەتییەکی ناسراوی هونەریی ئێران باسکرابێت.

 

"لە هاشتاگی metoo#دا باسیان لە گێچەڵەکان کرد"

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەک لە ژنانی ئێرانی لە گێڕانەوەی دەستدرێژی سێکسی بەرامبەر بە کەسایەتییە ناسراوەکان چوونە پاڵ هاشتاگی metoo# باسیان لە ئەزموونەکانی خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گێچەڵەکان کردوەتەوە و کەسایەتییە هونەری و سینەماییە بەناوبانگەکان تیایدا تۆمەتبارکراون.

لە گێڕانەوەکاندا ئەزموونە ئازاربەخشەکانی ژنان لە سینەمای ئێران بڵاوکراونەتەوە و ئاماژە بە جۆری ئەو پێشێلکاریانە کراوە کە دەکەونە ژێر چەتری توندوتیژی سێکسییەوە، لەوانە ناوزڕاندن، گێچەڵپێکردن هەڕەشەلێکردنیان بە لێسەندنەوەی مافی کارکردن و پێنەدانی کرێی کارکردنیان.

 

کردەوەکانی توندوتیژی سێکسی بە هەڕەشەکردن لە شوێنی کارکردنی قوربانیان، پەیوەندی جەستەیی نەخوازراو و پێداگری و زۆرکردنی کاری سێکسی و لە کۆتاییدا توندوتیژی جەستەیی و دەستدرێژی سێکسی، سەرەڕای کاردانەوەی بەرفراوانی تاکەکەسی و جەماوەری هونەرمەندان و کەسایەتییە دیارەکانی وڵاتی ئێران بەڵام بەرپرسانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران تا ئێستا لەم پرسەدا بێدەنگ بوون.


ت.پ