دارستانەکانی مەریوان و سنە لە ئاگردا دەسوتێت

سەرەڕای هەوڵی ٢٤ کاتژمێری خەڵک و کۆمەڵەی ژینگەپارێزەکان، هێشتا دارستانەکانی مەریوان و سنە دەسووتێن و تا ئێستا چەند کەسێک بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی گوندەکانی "گامارەلەنگ"، "درەوران"، "هەنجیران" و "ئاسن ئاباد" لە شاری مەریوان کە لە ڕۆژی پێنجشەممەوە دەستی پێکرد، تا ئێستاش بەردەوامە.

 

نەبوونی ئامێری پێویست بۆ ئاگرکوژێنەوە، لەوانەش هەلیکۆپتەرەکانی ئاو ڕشتن و بوونی مینی چێندراو لە ناوچەکەدا، ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنیان خاو کردووەتەوە.

 

هەواڵەکە ئاماژە بەوە دەکات کە چەند کەسێکی مەدەنی و ئەندامی کۆمەڵەی ژینگەپارێزی برینداربوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، ئاگر لە کێڵگە، باخ و خانووی نیشتەجێبوون لە هەندێک گوندەکان نزیک بووەتەوە.

 

"کۆمەڵەی سەوزی چیا" وێڕای ڕاگەیاندنی "دۆخێکی مەترسیدار" لە دارستانەکانی مەریوان، داوای هاوکاریی بەپەلەی لە ڕێکخراوە گشتیەکانی چالاک لە بواری ژینگەی کوردستان کرد و نووسی: وەک دەزانن مەریوان چەند ڕۆژێکە لە ئاگری دۆزەخدایە و دوای کۆنتڕۆڵکردنی، ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئاگرەکە هەڵگیرسایەوە.

 

ئێستا ئاگرەکە نزیکبووەتەوە لە گوندەکان "دەرەوەران، کیکن، نەچێ، هەنجیران، مڕانە، بایەوە و کۆلیت"، ئاگرەکە زۆرە و ئەندامانی کۆمەڵەی سەوزی چیا و خۆبەخشەکان ماوەی ٤٨ کاتژمێرە نەخەوتوون و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدەن.

 

سەرباری برسێتی و تونێتی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە ماندوونەناسانە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن، گرنگی نەدانی بەرپرسانی ڕژێمی ئێران بە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت بە بیانووی سیاسی، نەبوونی ئامێری پێشکەوتووی ئاگرکوژێنەوە کێشەی خەڵکی دوو هێندە کردووە و دەکرێت حکومەت بە تاکە هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخە مەترسیدارە هەژمار بکرێت.

 

ئاگر بەشێک لە دارستان و کێڵگەکانی سنەی وێرانکرد

ڕۆژی چوارشەممە، دارستان و لەوەڕگەکانی ڕێشانش، ئاویهەنگ، سالیان، نەجە و هۆیە کە خەڵکی شارەدێی ژاورود و سنەن، گڕیان گرت و ئەم ئاگرانە تا کاتژمێر دووی بەیانی بەردەوام بوو.

 

بە وتەی شایەتحاڵانی زارا.م و عەتیە.پ، کە دانیشتووی ئەو گوندانەن، ئەم ئاگرکەوتنەوانە لە گوندی ڕێشانشەوە دەستی پێکردووە و بووە هۆی سووتانی چەندین دار و بەرهەمی جووتیاران، هەروەها نزیکەی دوو سەد دار گوێز لە باخچەی یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکە سووتاون و لەناوچوون.

 

بە وتەی ئەو شایەتحاڵانە ئاگرەکە تەشەنەی کردووە و گەیشتووەتە گوندەکانی دەوروبەری وەک نەجە، سالیان، ئاویهەنگ و هۆیە، زۆرێک لە دانیشتوانی ئەو گوندانە بەبێ هیچ ئاسانکاری و شارەزاییەک هەوڵیانداوە ئاگرەکە بکوژێننەوە.

 

 شایەتحاڵەکانیش ڕایانگەیاندووە: چالاکوانانی ژینگەپارێزی هاتوون بۆ هاوکاریمان، خەڵک و چالاکوانان بەشێکی یەکجار زۆری ئەو ئاگرانەیان کوژاندەوە و ئەم ئاگرکەوتنەوانە تا کاتژمێر ٢:٣٠ی بەیانی بەردەوام بوون و خۆشبەختانە هەرچەندە زیانێکی زۆر بە خەڵکی ژاوه‌رود کەوت، دواجار ئاگرەکەمان کۆنتڕۆڵ کرد.

 

وتیشیان: ئێمە گلەییمان لە شکستی حکومەت هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ئاگرکەوتنەوانە، ئەمەش بە بەرپرسیارێتی حکومەت دەزانین چونکە ئێمە ئیمکاناتی پێویستمان نییە و مەشقی پێویستمان وەرنەگرتووە و بەم شێوەیەش دەکرێت دۆخێکی نەخوازراو بەسەرماندا بێت، بەڵام حکومەت هیچ بایەخێک نادات و وا دیارە لەبەر ئەوەی خەڵک هەمیشە ئەم کارەی کردووە، بە ئەرکی خۆیان نازانن و پشتگوێی دەخەن.

 

هەروەها ئاماژەیان بەوەداوە: هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکانی ژاورود بە وردی نازانرێت، یاخود کێبوون ئەوانەی ئاگرەکەیان کردووەتەوە بە مەبەست بووە یان نا، هێشتا لای دانیشتووانیش نەزانراوە، بەڵام ئەگەر ئەم ئاگرکەوتنەوانە بە مەبەست بێت ئەو کەسانەی ئەنجامیانداوە زۆر ترسنۆکن.

 

دارستان و لەوەڕگە هی ئەو کەسەیە کە بەبێ گرنگیدان بە هاونیشتمانەکەی ئاگر هەڵدەداتەوە و نایکوژێنێتەوە و بە کەمتەرخەمی تاوانێکی لەو شێوەیە ئەنجام دەدات، کردەوەکەی هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ کارێکی بە مەبەست.

 

  ناکارامەیی حکومەت لەم بوارەدا ئەوەندە گەورە بوو کە باخچەیەک کە دوو سەد درەختی میوەی تێدابوو زۆر بە ئاسانی وێران بوو، ئەم زیانەش هەرگیز قەرەبوو ناکرێتەوە بۆ خاوەنی باخچەکە کە ساڵانێکە بۆ دار و بەروبوومەکانی زۆر ماندوو بووە.

 

زارا.م دەڵێت: هەرچەندە تا ئێستا هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوەکان دیاری نەکراوە، بەڵام ئەوەی ڕوونە کەمتەرخەمی حکومەتە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاگرەکان، ئەگەر لەکاتی خۆیدا کاریان بکردایە بۆ کۆنترۆڵکردنی جوتیاران هیچ زیانێکیان پێ نەدەگەیشت، بەڵام دوای ئەوەی ئاگرەکان کۆتاییان هات و خەریک بوو بکوژێتەوە هاتنە ئەوێ..!

 

پێویستە بوترێت ئاگر لە زۆرێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و چالاکوانانی ژینگەپارێزیش هیچ هاوکارییەکیان لە حکوومەت وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکانی شاری مەریوان بە تەواوی ڕوونە و گومانی تێدا نییە کە بە مەبەست بووە.