شەنگال نزیک دەبێتەوە لە نۆهەمین ساڵیادی فەرمانی ئێزیدییەکان
ژنانی شەنگال، لەگەڵ نزیکبوونەوەی نۆهەمین ساڵیادی ٧٤ هەمین فەرمان، بەڵێنی بەردەوامی خەبات، و تۆڵەی خوێنی شەهیدەکانیان دەدەنەو.
هێڤی ئێزدا
شەنگال- شەنگال بەرەو ساڵیادی شەهیدان و فەرمانەکەی ٣ی ئابی ٢٠١٤ هەنگاو دەنێت، نۆ ساڵ تێپەڕیووە تا دێت ژنانی ئێزدی بە تووڕەییەکی زیاتر و ئیرادەیەکی پۆڵایننەوە خەبات بۆ کۆتایی هێنان بە فەرمانەکان دەکەن.
دوێنێ تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی TAJÊ بۆ یادکردنەوەی دایە ئەرزان لێدوانێکی دا و ڕایگەیاند کە هەرگیز تۆڵەی دایە ئەرزان لەسەر زەوی بەجێناهێڵن.
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ ساڵیادی شەهیدانی فەرمانی ٧٤ دەستی بە چالاکییەکانی کردووە، پۆستەر و دروشمەکانیان لە سەرجەم گوند، شارەدێ و شاری شەنگال هەڵواسیووە.
ڕیحام حیجۆ، وتەبێژی هەماهەنگیی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی- تاژێ سەرەتا هەموو ئەو ژنە ئێزدیانەی بەبیرهێنایەوە کە قوربانی ئیمان و نەریتی خۆیان بوون لە کەسایەتی دایە ئەرزان و هەروەها بەڵێنی دا کە شوێنکەوتنی ڕێبازی شەهیدانی بەرخۆدانی شەنگال دەبن.
" دایە ئەرزان، دایکی هەموو کۆمەڵگە بوو"
ڕیحام حیجۆ، سەرنجی بۆ کەسایەتی دایە ئەرزان ڕاکێشا و بەم شێوەیە دەستی بە قسەکانی کرد: " دایە ئەرزان لە کۆمەڵگەدا بە دایکی بە تەمەنەکان ناسرابوو، هەموو کۆمەڵگە وەک دایک دەیبینی، چونکە ئەو مەعریفەی کۆمەڵگە بوو، دایە ئەرزان ژیانێکی پڕ لە ئازاری بەسەر بردبوو، هەر بۆیە تەنیا بوو، بەڵام وەک کۆمەڵگە هەموومان ئاگاداری دەبووین، لە کاتی فەرمانەکەدا، دایە پیرە سەرەڕای داواکارییەکانی خەڵک، ئامادەنەبوو لە ماڵەکەی دەربچێت و ڕایگەیاند، هەرچییەک ڕووبدات شوێنی خۆی بەجێناهێڵێت، باندە دڕندەکان هەموو ئەندامێکی کۆمەڵگاکەمانیان کوشتووە، بێ گوێدانە ئەوەی منداڵ یان پیر بێت، دایە ئەرزانیش یەکێک لەو دایکانە بوو، چەتەکانی داعش بە شێوەیەکی دڕندانە کوشتیان."
"ئەو فەرمانە لەبیر ناکەین"
لە درێژەی بەیاننامەکەی تاژێ ئیرادەی خۆی بۆ تۆڵەسەندنەوەی فەرمانەکە بەم ڕستانە دەربڕی: "ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی- تاژێ، هەمیشە لەسەر ڕێڕەوی شەهیدەکانمان دەبین بۆ تۆڵەسەندنەوەی هەموو دایکانمان، هەموو ژنانی ئێزدی و شەهیدەکانمان، هەرگیز فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ لەبیر ناکەین، ئێمە درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین، تا مافی خۆمان بەدەست نەهێنین، تا تاوانباران نەدرێنە دادگا، ناوەستین، ئێمە تۆڵەی خۆمان لە چەتەکانی داعش و هاوبەش و خیانەتکارەکانیان دەکەینەوە."
"تۆڵەی دایە ئەرزان دەکەینەوە"
ئەمیرە خەلەف، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی، بە یادی دایە ئەرزان دەستی بە وتەکانی کرد: "ئەمڕۆ ئامادەبووین بۆ یادی دایە ئەرزان، لەبیری ناکەین، تۆڵەی لێدەکەینەوە، چونکە لە کۆمەڵگەکەمان زۆر گرنگ بوو، دایکی ئێمە بوو، ئێمە پەیوەندی دەکەین، بە کۆمەڵگاکەمان دەڵێین فەرمانەکە لەبیر نەکەن و زەویەکانیان بپارێزن بۆ ئەوەی تۆڵەی فەرمانەکە بکەنەوە."
"دەبێت ڕێگری لە فەرمانەکان بکەین"
عەدول عەلی ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی باسی لە دڕندەیی چەتەکانی داعش کرد: "ئێمە یادی دایە ئەرزان و هەموو شەهیدان دەکەینەوە، هەموو شەهیدانی فەرمانەکەمان لەبیرە و تۆڵەی خوێنیان دەکەینەوە، نەک هەر دایە ئەرزانیان کوشت، بەڵکو هەزاران منداڵ و کچی ئێمەشیان کوشت، نابێ چیتر تەسلیمی فەرمانەکان ببین."