ئاشتی حەمە ساڵح: لە خراپترین ئارەزووەکانی مرۆڤ ئەوەیە هاوژینەکەی بە موڵکی خۆی تەماشا بکات

دوێنێ دوو ژن لەلایەن هاوژینەکەیانەوە کوژران و ئاشتی حەمە ساڵح، مامۆستای زانکۆ نووسیویەتی: لە خراپترین ئارەزووەکانی مرۆڤ ئەوەیە هاوژینەکەی بە موڵکی خۆی تەماشا بکات و لێیبدات و بیکوژێت.

ناوەندی هەواڵ

 

کوشتن و زەوتکردنی ژیان لە باشووری کوردستان ڕێژەکەی لە هەڵکشاندایە و تەنها لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٥ کەس کوژراون کە دووانیان ژنن، دەسەڵات و لایەنی پەیوەندیدار نەیانتوانیوە کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی ئەم ڕوودانە و بە تایبەت کوشتنی ژنان، چونکە لەو ڕووداوەی دوێنێ کە لە شارۆچکەی سۆرانی سنوری پارێزگای هەولێر ڕوویدا، کە پیاوێک دوو هاوژینی هەبوو و هەردووکیانی بەیەکەوە کوشت، پیاوەکە پێشتر بڕیاری دەستگیرکردنی هەبووە و سزای هاوژینەکانی داوە، بەڵام دەستگیرنەکراوە تا دواجار گەیشتە کوشتن.

 

ڕووداوەکە کاردانەوەی چالاکوانان و توێژە جیاوازەکانی لێکەوتەوە و ئاشتی حەمە ساڵح، مامۆستای زانکۆ لەوبارەیەوە نووسیویەتی: لە خراپترینی حەز و ئارەزووەکانی مرۆڤ ئەوەیە، کە هاوژینەکەشی وەک موڵکێک لە موڵکەکانی خۆی تەماشا بکات، تەنانەت لێدان و سزادان و کوشتنیشی بە مافی خۆی بزانيت.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە: باشە ئەگەر هاوژینەکان نەگونجاو بوون و زۆر نابەدڵ بوون، زۆر لەیەک بێزاربوون، و نەیانتوانی لەڕووی ماددی مەعنەویەوە ژیانی یەکتر خۆش بکەن، تەنانەت نەیانتوانی بەیەکەوە منداڵەکانیان بەخێو بکەن، چجای ئەوەی پەروەردەیان بکەن، ژیانیان مەترسی مان و نەمانی لەسەربوو، ئیتر ئێرە کۆتایی دنیایە؟ کاتی بەکارهێنانی تاپڕ و چەکەکانە؟ بێگومان نەخێر، کۆتایی دنیا نییە بەڵکو بە شەرعی ئەرز و ئاسمان کاتی دەست لەیەک بەردان و خواحافیزی لە یەک کردن و بەردەوامیدانە بە ژیانێکی باشتر.

 

د.ئاشتی نووسیویەتی: ئەمە هیچ شەرمێکی تێدا نیە، بەڵکو زۆر باشترە لەوەی کە هاوژینەکان کۆتایی بە ژیانی یەکتر بهێنن و کۆمەڵێک منداڵی جوان بێناز بکەن، سیمای خێزانەکانیان و کۆمەڵگەکەش ناشرین بکەن و بەرەو ئاڕاستەی توندڕەوی و تاوانی کوشتنی ببەن.