گەنجانی ئامەد: لە هەڵبژاردندا ئاکەپە دەشکێنین

چەند ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنەکان، گەنجانی ئامەد ڕایانگەیاند کە دەنگ بە پارتی چەپی سەوز دەدەن و داوایانکرد خەڵک بەم قسانە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان: "لە دەنگدانەکاندا ئاکەپە دەشکێنین".

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- ٤ ملیۆن و ٩٠٤ هەزار و ٦٧٢ دەنگدەری نوێ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا کە بڕیارە لە ١٤ی ئایار لە تورکیا بەڕێوە بچێت، دەنگی خۆیان دەدەن. دەنگی گەنجان بۆ دیاریکردنی هەڵبژاردن بەکاردەهێنرێت، ئەو ژنە گەنجانەی ئەمساڵ بۆ یەکەمجار دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، چاوەڕوانی چی دەکەن لە سندوقەکانی دەنگدان؟ حەز و ئارەزووەکانیان چین؟.

 

"لە هەڵبژاردندا گەنجان ئاکەپە دەشکێنن"

سیلا ئاکتاش، یەکێک لەو دەنگدەرانەی کە بۆ یەکەمجارە دەنگ دەدات، ئاماژەی بەوەدا، لە هەڵبژاردنەکاندا حکومەت شکست پێدەهێنن، وتیشی: ئێمەی کورد لە هەموو بوارێکدا ڕەتدەکرێینەوە، ئێمەش دژی ئەم ڕەتکردنەوەیە دەنگ دەدەین بە پارتی چەپی سەوز، ئێمە باوەڕمان وایە کە سەردەکەوین، توندوتیژی دژ بە ژنان لە زیادبووندایە و دادپەروەری لە ئارادا نییە، ئێمە دەنگی خۆمان لە دژی ئەوان بەکاردەهێنین، لە سندوقەکانی دەنگداندا شکستیان پێدەهێنین و وەک گەنج و ژن لەسەر سندوقەکانی دەنگدان دەبین و دەنگەکانمان دەپارێزین، ئێمە ئەوانە دەبین کە بەرەنگاری دەبینەوە و ئەوانە دەبین کە سەردەکەوین.

 

"بۆ هەڵهاتنی خۆر دەنگ بە پارتی چەپی سەوز دەدەین"

هێرەم نێرگز کە چاودێرە لەسەر سندوقەکانی دەنگدان، ڕایگەیاند، پێویستە بۆ وڵاتێکی یەکسانتر و دیموکراسی تر دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەین، بۆ ئەوەی خۆر لەم قۆناغە تاریکەدا هەڵبێت، پێویستە هەموو لایەک سندوقەکان بپارێزێت، وەک گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵ لەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگەدا بۆ تورکیا بۆ یەکەمجار دەنگەکانم بەکاردەهێنم، دەنگ بە پارتی چەپی سەوز دەدەم، هەرچەند ناوی پارتەکانمان گۆڕاوە، بەڵام هەمیشە دیموکراسی و یەکسانی بنیاد ناوە. بۆ ئێمەی ژنان یەکێک لە گرنگترین شتەکان هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەستەنبوڵ و پاراستنی مافەکانی ژنانە، با ژن کوشتن نەبێت و خەڵک لە ترسدا نەژی، ئێمە نیگەرانین لە ئاسایشی هەڵبژاردن، کاتێک هەموو ئەنجامێک ڕادەگەیەنرێت دەنگی ونبوو هەیە، بۆیە با ئاگاداری دەنگەکانمان بین و بیپارێزین.

 

"دەچمە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ گۆڕینی دۆخی ئێستا"

نەورۆز تاشان ڕایگەیاند کە حکومەتی ئێستا بە هیچ شێوەیەک داواکاری داهاتوویەکی گەس جێبەجێ ناکات، بۆیە بۆ ڕۆژێکی تری ئازاد دەنگ بە پارتی چەپی سەوز دەدات، بە دڵنیاییەوە دەنگ بە پارتی چەپی سەوز و کەمال کلیچدارئۆغڵو بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم دەدەم، وڵات بەهایەکی گونجاو بۆ ژن نادات، ڕۆژانە بە هەواڵی کوشتنی ژن لە خەو هەڵدەستین، منیش وەک ژنێک دژی ئەمەم، ئێمە وەک خوێندکار چیتر ناتوانین بیر لە قوتابخانە و پەروەردەی خۆمان بکەینەوە و بۆ کۆتاییهێنان بەمانە و چاککردنیان ئەمساڵ دەنگ دەدەین، من بە دڵم باوەڕم بە پارتەکەم هەیە، بۆیە دەنگیان پێدەدەم.