دانیشتوانی شاری حەلەب ڕوو لە شەهبا دەکەن

خەڵکی عەفرین کە بە هۆی هێرشەکانی داگیرکاری تورکیا ناچار بوون ڕوو لە حەلەب بکەن، ئێستا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ڕوویان لە کامپی بەرخۆدان لە شەهبا کردووە.

حەلەب

 

بومەلەرزەکانی ٦ی شوبات شاری حەلەبیشی گرتەوە، لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە ٦ کەس گیانیان لەدەستدا و ٤٣ کەسیش بریندار بوون، ئەو خەڵکەی لە عەفرینەوە ڕوویان لە حەلەب کردبوو، ٢ هەزار و ٥٠٠ خێزانیان جارێکی دیکە ڕوویان لە کامپەکانی شەهبا و گوند و ناحیەکانی شێراوە کرد تا ژیانیان پارێزراو بێت، جگە لەوەش حکومەتی دیمەشق ڕێگری لەو هاوکاریانە کرد کە ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ حەلەبی ناردبوو و ڕێگەی نەدا پێداویستییە پێویست و هەنووکەییەکان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە بچنە ناوچەکە.

 

کارمەندانی شارەوانی لە کامپی بەرخۆدان ئاماژەیان بەوەدا، خەڵکی حەلەب کە چوونەتە کامپەکە، سەرقاڵی ئامادەکردنی چادر و شوێنی مانەوەیانن، ئەمین عەبدۆ یاسین، ژنێکی ئاوارەیە و بەهۆی بوومەلەرزەکەی حەلەب زیانی پێگەیشتووە، وتی: لە کاتی بوومەلەرزەکەدا چووینە دەرەوە، بینایەک لەبەردەمماندا داڕما و هەر بۆیە چووینە کامپەکانەوە.

 

"دوای گەیشتنمان بە کامپەکە، ئاسوودە بووین"

دایکێکی دیکە لە دانیشتوانی حەلەب وتی: کاتێک خەوتبووین، ئەو بینایەی تێیدا دەمانەوە زۆر بە توندی لەرزی، ئێمە ترساین و ڕامانکرد، کاتێک گەیشتینە کامپەکە، ترسەکەمان تێپەڕی و ئاسوودە بووین.

 

جودی منداڵێکی ئاوارەیە و باسی بوومەلەرزەکەی شاری حەلەب دەکات و وتی: کاتێک زەوی لەرزی ویستمان بچینە شوێنێکی ئارام، چونکە بوومەلەرزەکە بەردەوام بوو و ئەو بینایەی ئێمە تێیدا بووین تەندروست نەبوو. هەر بەو هۆیەشەوە چووینە کامپی بەرخۆدان لە شەهبا، زۆر دڵخۆشم بە گەیشتنمان بە شەهبا.