بایکۆتکردنی فێستیڤاڵی گێلاسی شنۆ لەلایەن خەڵک و چالاکوانانەوە

زۆربەی فێستیڤاڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەوڵی کۆمەڵگەی مەدەنی بەڕێوەبراون، بەڵام دوای ماوەیەک لەلایەن حکومەتەوە بە مەبەستی ئەوەی بیکاتە سەکۆیەک بۆ نمایشەکانی ڕژێم، دەستی بەسەردا گیراوە.

لارا گەوهەری

 

شنۆ- شاری شنۆ یەکێکە لە شارەکانی ورمێ کە چەندین شوێنی سەرنجڕاکێشی سروشتی و مێژوویی وەک بەردی کیلەشینی هەیە، پێشەنگە لە بواری کشتوکاڵدا و بە گێلاس و سێو بەناوبانگە، توانای شاری شنۆ بۆ بەرهەمهێنانی گێلاس چەندین هەلی کار و ئابووریی بۆ خەڵک ڕەخساندووە، کە ساڵانە نزیکەی ٨١٨ هێکتار گێلاس لە باخەکانی شنۆ دەچێنرێت و زیاتر لە ٤ هەزار تۆن گێلاسی لێ بەرهەمدێت، بەشێکی زۆریشی هەناردەی وڵاتانی دیکە دەکرێت، بۆیە شنۆ بە شاری گێلاسیش ناسراوە.

 

ماوەی چەند ساڵێک فێستیڤاڵی گێلاسی شنۆ بۆ ناساندنی جۆرەکانی گێلاس و سەرنجڕاکێشییەکانی لە شنۆ لەلایەن خەڵک و چالاکوانانی مەدەنیەوە بەڕێوەدەچوو، بەڵام ئەمساڵ بە جیاوازییەکی بەرچاو بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو، شەشەمین فێستیڤاڵی گێلاسی شنۆ لە ١٢ی تەمموز بەڕێوەدەچێت، بەڵام زۆرێک لە چالاکوانانی مەدەنی و ڕۆشنبیری و سیاسی ڕەتیدەکەنەوە بەشداری بکەن.

 

فێستیڤاڵی گێلاسی شنۆ ساڵانە لەلایەن چالاکوانانی مەدەنی و خەڵکەوە ڕێکدەخرا و خەڵکێکی زۆر بەشداری تیادا دەکرد، بەڵام نزیکەی دوو ساڵە فێستیڤاڵەکە حکومەتی ئێران دەستی بەسەرداگرتووە و چالاکوانان دوورخراونەتەوە، مۆرکی فێستیڤاڵەکەش گۆڕاوە بۆ ڕوخساری ئەو ڕژێمە، بەڵام ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، خەڵک و کەسایەتییە هونەرییە دیارەکان و چالاکوانانی مەدەنی ئامادە نین بەشداری بکەن.

 

شنۆ، پێشەنگی خەبات لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"

لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، شنۆ یەکێک بوو لە یەکەم شارەکان کە هەڵمەتێکی سەرتاسەری دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستپێکرد و بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرفراوان ناوی خۆی وەک پێشەنگەکانی ئەم شۆڕشە هێشتەوە، پاش ئەوەی هێزە ئەمنییەکان لە شاری شنۆ لەبەردەم ڕۆحی بەرخۆدێری و شۆڕشگێڕانەی خەڵکدا بێدەسەڵات مانەوە، سوپای پاسداران هەڵمەتێکی بەرفراوانی ئەنجامدا، بە میلیتاریزەکردن و یاسای سەربازیی ویستی شارەکە سەرکوت بکات و لە ئەنجامدا ٤ کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسیش بریندار و زیندانی کران، تا ئێستا دڵی بنەماڵەی قوربانیان هێشتا گەرمە و زۆرێک لە دەستگیرکراوەکان بە سزای قورس زیندانی دەکرێن، جەژن و ئاهەنگ گێڕان، لە شارێکی شۆڕشگێڕی وەک شنۆدا و لە فێستیڤاڵێکدا کە چیتر خەڵکی مەدەنی بەڕێوەی نابەن، تەنها دەتوانێت جۆرێک بێت لە ئاساییکردنەوەکانی حکومەت.

 

بەیاننامەی چالاکانی مەدەنی و بایکۆتی فێستیڤاڵی حکومەت

پێش دەستپێکردنی فێستیڤاڵی گێلاسی شنۆ، چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بە خەباتەکانی گەلی شنۆ لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینادا کرد و بە یادکردنەوەی شەهیدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی، بایکۆتکردنی فێستیڤاڵەکەیان ڕاگەیاند.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "شۆڕشی ژینا ناچاری کردووین کە ڕاستییەکان پیشان بدەین بۆ ئەوەی بە ئیرادەی ژینا بەرخۆدان بکەین، ئێستاش خەبات بۆ شکستپێهێنانی ستەمکاران وەک شەپۆلێک و هەڵگیرساندنی ئاگرەکەی ڕێکدەخرێت".

 

بەمەبەستی ڕاکێشانی زیاتری بینەر و سەردانیکارانی فێستیڤاڵەکە، زۆرێک لە هونەرمەندان و چالاکانی مەدەنی بانگهێشتنامەیەکیان لە شێوەی کارت وەرگرتووە بۆ بەشداریکردن لەم فێستیڤاڵەدا، هەموو میدیاکانی سەر بە حکومەت و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکی بەرفراوان پابەندن بە ڕووماڵکردنی ئەم فێستیڤاڵە و پەرەپێدانی و بەڕێوەچوونی بەرنامەکانی، وەک میوزیکی ڕاستەوخۆ و بازاڕی پیشەسازی دەستی، ئەمەش ئەوپەڕی هەوڵی حکومەت بۆ بەشداریی خەڵک نیشان دەدات.