لە سلێمانی ژنێکی گەنج بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا

لەبەردەم زانکۆی سلێمانی ژنێکی گەنج بە شێوەیەکی گوماناوی لەسەر پردێکی پەڕینەوە کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی عەقڵیەتی پیاوسالاری و تا ئێستاش قبوڵ نەکردنی ژنان لەلایەن بەشێکی کۆمەڵگەوە، کوشتن و گیان لەدەستدانی گوماناوی ژنان ڕووی لە زیادبوونە، لە نوێترین ڕووداودا، بەیانی ئەمڕۆ، ١٤ی ئەیلوول ژنێکی گەنج لەبەردەم زانکۆی سلێمانی بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا.

 

لەو بارەیەوە بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی "١٢٢" بۆ ڕاگەیاندنەکان وتوویەتی: دوای ئەوەی ئاگادارکراینەوە کە کەسێک لەسەر پردی پەڕینەوەی کامپی نوێی زانکۆی سلێمانی خۆی هەڵداوەتە خوارەوە، تیمەکانمان گەیشتنە شوێنێ ڕووداوەکە و دەرکەوت کەسەکە گیانی لەدەستداوە.

 

 

بەپێی زانیارییەکان تەرمی ئەو کەسە ڕەوانەی دادپزیشکی کراوە، بەڵام هیچ ناسنامەیەکی پێ نەبووەو تەمەنی نزیکەی ٢٠ ساڵ دەبێت.

 

ئەوە لە کاتێکدایە کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان هەموو هەرێمەکانی باشووری کوردستانی گرتووەتەوە، تەنها لە مانگی ئابدا، ١٢ ژن کوژراون، یاخود بە گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.