لە ئیستەنبوڵ لانیکەم ١٧ کەس دەستبەسەر کران و دوو ڕۆژنامەنووسیش ڕەوانەی دادگا کران
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە ئەستەنبوڵ لانیکەم ١٧ کەس دەستبەسەر کران، کە ئەندام و بەڕێوەبەرانی هەدەکە، هەدەپە و ئەنجومەنی گەنجانی پارتی چەپی سەوزی تێدایە.
ناوەندی هەواڵ
دوای ئامەد و ئەنقەرە، داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵ لێکۆڵینەوەیەکی نوێی دەستپێکرد، لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، لە زۆرێک لە ناوچەکانی وەک باشاکشاهیر، ئەسەنیورت، ئارناڤوتکۆی و کوچوکچەکمەجە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکان.
بەپێی زانیارییەکان لە هەڵمەتەکەدا، لانیکەم ١٧ کەس دەستبەسەر کراون، کە ئەندامان و پێشەنگانی کۆنگرەی دیموکراتی گەلان-هەدەکە، پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە و ئەنجومەنی گەنجانی پارتی چەپی سەوزی تێدایە.
دەستبەسەرکراوەکان گوازرانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیستەنبوڵ، ٢٤ کاتژمێر قەدەغە خرایەسەر دەستبەسەرکراوەکان و هۆکارەکەشی بەهۆی بڕیاری نهێنی سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکە نەزانراوە.
دوو ڕۆژنامەنووس ڕەوانەی دادگای ئەنقەرە کران
هاوکات دیجلە موفتوئۆغڵو، هاوسەرۆکی ڕیکخراوی دیجلە و فورات، سەدات یڵماز، سەرنووسەری ئاژانسی میزۆپۆتامیا و ١٧ کەسی دیکە، کە دەستبەسەرکربوون، دوای ئیفادە لە بەشی پۆلیسی ئەنقەرە، گواستراونەتەوە بۆ دادگای ئەنقەرە.
بڕیارە لە داواکاری گشتی دەست بە ئیفادەی ١٧ کەس بکرێت، لەناو دادگاکەدا "ناوچەیەکی بەشەکی سنووردار" دامەزرا و ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیس لەناو بیناکەدا جێگیرکران.