٣٣ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتی ژنانی کوردستاندا تێپەڕی

٣٣ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتی ژنانی کوردستاندا تێپەڕی و ژنانی باشووری کوردستان پیرۆزباییان لەو ڕێکخستنە کرد، ئەندامەکانیشی دەڵێن تێکۆشانمان لەپێناو ژنانی کورددا بەگوڕتر دەکەین.

سلێمانی

 

یەکێتی ژنانی کوردستان لەناو تێکۆشانی ڕزگاریخوازی گەلی کورددا لە ٤ی تشرینی دووەمی ١٩٨٩ لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزرا و یەکەم بانگەوازی لە ١١ی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا بڵاوکردەوە کە بووە تروسکەی هیوا و کۆڵنەدان و زەنگێکی وزەبەخش بۆ ژنان و گەشتن بە ماف و ئامانجەکانیان.

 

لە ٣٣یەمین ساڵیادی دامەزراندنیاندا، یەکێتی ژنانی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە سەرهەڵدانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت سەقز، کە ناوەندی دامەزراندنیانە، داوە، "ئێستاش لە هەمان شوێن و لە سەقزی خۆڕاگردا یەکەم بروسکەی داوای ئازادی لە ژنانی ئەوشارەوە بووە کڵپە و هەموو ناوچەکەی گرتەوە و تەنانەت دروشمەکانیان کەوتە سەرزاری ڕزگاریخواز و ئازادیخوازانی جیهان کە بڕوایان بە مافی ژن و ژیان و مرۆڤ هەیە، لە ساڵیادی دامەزرادنی یەکێتی ژنانی کوردستاندا دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمەی ژن خەبات دەکەین بۆ ژیان کە دروشمی سەرەکیمانە و سورین لەسەر بەردەوامیمان لە خەبات بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نیشتیمانی و دیموکراتیەکانمان، بەو شێوەیەی کە لە بەرنامەی کار و ئەرکەکانمان دیاری کراوە، ئەوانیش هاوخەباتییە لەگەڵ ژنانی سەراپای کوردستان لەپێناوی ئازادی و دیموکراسی و مافی چارەنووس و بەگژداچوونەوەی پیلانی دووژمنانی هاوبەش".

 

ئەمڕۆ مەراسیمی پیرۆزبایی بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ لە تەلاری تەوار لە شاری سلێمانی یەکێتی ژنانی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنیانەوە پێشوازییان لە ژنانی باشووری کوردستان بە ڕەنگ و ئایدیا جیاوازەکان کرد و لە مەراسیمێکدا ژنانی ڕێکخراو و لایەنەکان چەپکەگوڵ و پیرۆزباییان لە دامەزراندنی یەکێتییەکە کرد.

 

مهاباد شێخ حەمە ئەمین، ئەندامی دێرینی یەکێتی ژنانی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا کە لە دوای ئەنفالی باشووری کوردستان وەکو ژنان بە ئەرکمان زانی کە داکۆکی لە نیشتمان و بەرگریکاری مافەکانی ژنان بین، بۆیە لە ٤ی تشرینی دووەمی ١٩٨٩ لە شاری سەقز یەکێتی ژنانی کوردستان دامەزرا و بەیاننامەکانی بڵاوکردەوە، "بە گرنگمان زانی لەدوای ڕاپەڕینەوە لە هەموو شار و شارۆچکەکان لق و کۆمیتە دابمەزرێنین و بەرگریکاری مافی ژنان بین، ئێستاش بەشێکی زۆری ڕێکخراوەکانی کە دروستبوون لەو پێناوەدا خەبات دەکەن و شۆڕشی ژنان لە ئێستادا لە سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە جارێکی دیکە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی ژنانە کە چیتر زوڵم و زۆرداری قبوڵ نەکەن".

 

"ئێمەی ژنان سنورەکان بۆ خەباتمان دەبەزێنین"

بەهرە عوسمان، ئەندامی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتییەکان ئاماژەی بەوەدا یەکێتی ژنانی کوردستان لە سەقزەوە دامەزراوە چونکە سەقز و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لانکە بووە بۆ خەبات و تێکۆشان بەتایبەت بۆ ژنان، "ئێستا لەگەڵ شۆڕشی ژینا لە سەقزەوە هاوخەبات و هاودەنگین، هەمیشە ژنانی ڕۆژهەڵات توانیویانە کۆتوبەندی بێدەنگی دژی ڕژێمی سەرکوتکەری ئێران بشکێنن، شۆڕشی ژینا کۆتوبەندی ژنانی شکاند و ئیستا لە شەقامەکانن، هیوادارم بەم شۆڕشە ژنان خۆیان نوێ بکەنەوە و ئەو سەرپۆشەی دەسەپێنرێت بەسەریاندا و ڕووڕەشی ڕژێمە لاببەن، بۆ ئێمەی ژنان هیچ سنورێک لە نێوان کوردستان نییە و بۆ خەباتمان سنورەکان دەبەزێنین و پشتیوان و هاوخەمیان دەبین".