سەرجەم شوێنە گەشتیارییەکان پابەند دەکرێن بە نووسین بە زمانی کوردی

دەستەی گشتی گەشتوگوزار بڕیاری پابەندبوون بە زمانی کوردی لەسەر تابلۆی شوێنە گشتییەکان دەردەکات و بە پێچەوانەی ئەوەوە سزای هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی شوێنەکە جێبەجێ دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بە فەرمانێکی کارکێڕی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم و بە واژۆی ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزار، سەرجەم هۆتێل و مۆتێل و کافێ و ڕێستۆرانت و ئەو شوێنە گەشتیارییانەی خزمەتگوزاری گەشتیارییان تیادا پێشکەش دەکرێت پابەند دەکات بە نووسینی زمانی کوردی لەسەر تابلۆکانیان.

 

لە فەرمانەکەدا هاتووە، پێویستە زمانی کوردی بکەن بە زمانێکی سەرەکی بۆ لیستی پێشکەشکردنی خواردنەکان و تابلۆی ناوی بازرگانی شوێنەکانیان، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەش تەنها وادەی (١٥) ڕۆژ دانراوە.

 

بەپێی فەرمانەکە سەرجەم ئەو شوێنانەی خاوەنی مۆڵەتی گەشتیارین دەبێت زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی و یەکەم، پاشان هەر زمانێکی تری بیانی بنووسرێت و پابەندبن پێوەی، لە ئەگەری سەرپێچیشدا سزای دیاریکراوی سەرپێچی کاران تۆمار دەکرێت کە بە داخستنی شوێنەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەستپێدەکات، لە ئەگەری دووبارە بوونەوە یان زیاتر شوێنەکە بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ تا بە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی شوێنە گەشتیارییەکە کۆتایی دێت.