فاتمە سپەهری لە مەترسیدایەو خێزانەکەی هۆشداری دەدەن لەوەی کە چاودێری پزیشکی بۆ ناکرێت
خێزانی فاتمە سپەهری زیندانی سیاسی هۆشدارییان لە تێکچوونی باری تەندروستی داو جەختیان لەوە کردەوە، کە سەرەڕای ئەوەی نەشتەرگەری دڵی کراوەی بۆ کراوە، هێشتا لە چارەسەری تایبەتمەند و دەرمان بێ بەشە.
ناوەندی هەواڵ
ئازاری زیندانیانی سیاسی لە ئێران خراپتر دەبێت، بەهۆی بەردەوامی لە وەرنەگرتنی چارەسەری پزیشکی لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن، هەواڵەکان پشتڕاستکردنەوەی تێکچوونی تەندروستی و دواکەوتنی وەڵامدانەوەی پزیشکییان دەکەن.
نیگەرانییەکان سەبارەت بە تەندروستی فاتمە سپەهری، زیندانی سیاسی و یەکێک لە واژۆکارانی نامەی داوای دەستلەکارکێشانەوەی عەلی خامنەیی لە زیادبووندایە، چونکە تا ئێستاش لە زیندانی واکیلئاباد لە مەشهەد دەستبەسەرە، خێزانەکەی پشتڕاستیان کردووەتەوە کە چاودێری پزیشکی ناتەواو و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست ژیانی دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە.
خێزانەکەی لە مالپەری ئێکس ڕایانگەیاندووە، بەڕێوبەرایەتی زیندانەکە بە تەواوی کۆنترۆڵی چارەسەرکردنەکەی کردووە لەو کاتەوەی کە نەشتەرگەری دڵی کراوەی بۆ کراوە و گەڕاوەتەوە زیندان، ڕێگری لێکراوە لە هەڵبژاردنی پزیشک، دابینکردنی دەرمان، یان بەدواداچوون بۆ ڕەوانەکردنی پزیشکی.
ئاماژەیان بەوەشکرد، لەماوەی ڕابردوودا،ئاگادارکراونەتەوە کە هەندێک دەرمانی پێویست بۆ دڵ بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخ و کەمیی بازاڕ لە بازاڕدا بەردەست نین، کە ئەمەش دڵەڕاوکێی زیاتریان لە بارەی تەندروستی فاتمە سپەهری زیاتر کردووە، چونکە بارودۆخی فاتمە سپەهری لە زیندان بەردەوام لە تێکچووندایە.
خێزانەکەی دواکەوتن و پچڕانی بەرچاویان لە بەدواداچوون بۆ کێشە تەندروستییەکانی دیکەی فاتمە سپەهری ڕاگەیاندووە، هەروەها پزیشکەکان سەرنجیان داوە بە دەرکەوتنی چەند وەرەمێک لە جەستەیدا و داوایان کردووە پشکنین و بایۆپسی بۆ بکرێت، بەڵام تا ئێستا ئەو ڕێکارانە ئەنجامەکانیان نەگەڕاونەتەوە بەر دەستی پزیشک چارەسەری هێشتا دەستی پێنەکردووە.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، فاتمە سپەهری تووشی کێشەی سەختی هەرس و ئازاری بەردەوام بووە، ئەمە جگە لەوەی لە چەند مانگی ڕابردوودا نان خواردنی سەخت بووە، سەرەڕای پێشنیاری پزیشکی زیندان بۆ پشکنینی سۆنەر، بەڵام هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە، خێزانەکەی دووپاتی دەکەنەوە، کە ڕێکارە پزیشکییەکان چەندین جارە دوادەخرێن، کە ئەمەش نیگەرانییەکانیان لەبارەی تەندروستی ئەو ژنە زیاتر دەکات.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پێشتر نیگەرانی خۆیان لە بارەی تەندروستی فاتمە سپەهری دەربڕیوە، دوای نەشتەرگەرییەکەی دڵی، چەندین گروپی مافپەروەر هۆشدارییان دا لەوەی گەڕانەوەی بۆ زیندان و ئەو سنووردارکردنانەی کە بۆ دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تایبەتمەند دانراون، دەتوانێت ژیانی بخاتە مەترسییەوە.
فاتمە سپەهری لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٢ هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی گەلان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاند دەستبەسەر و دادگای ئینقلابی شاری مەشهەد لقی ٥ بە ١٨ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی سزای بەسەردا سەپێندرا.