فاتمە ڕەش؛ ئەو فەرماندە کوردەی جیهانی سەرسام کردو ئێستا مێژووەکەی ڕووبەڕووی دزین دەبێتەوە
لە کاتێکدا مێژووی نەتەوەکان بە قارەمانەکانیانەوە دەناسرێتەوە فاتمە ڕەش وەک سیمبولێکی بێوێنەی ئازایەتی ژنی کورد لە سەدەی نۆزدەیەمدا دەردەکەوێت، ئێستا ئەم میراسە مێژووییە کەوتووەتە بەر شاڵاوێکی چڕی شێواندن و لکاندنی بە مێژووی دەوڵەت نەتەوەی تورکەوە.
هێڤی سەلاح
سلێمانی_ فاتمە ڕەش، سیمبولی خۆڕاگری و ئازایەتی ژنی کوردە کە لە سەدەی نۆزدەیەمدا بووە یەکێک لە دیارترین سەرکردە سەربازییەکانی ناوچەکە و بە فەرماندەیی کردنی سەدان سوارچاک لە دژی ئیمپراتۆریەتی ڕووس جیهانی سەرسام کرد، مێژووی نەتەوەی کورد پڕە لەو ژنانەی کە لە کاتی تەنگانەدا چەکیان کردووەتە شان و لە پێناو پاراستنی خاک و شوناسیاندا جەنگاون، فاتمە ڕەش کە نازناوی خانمی کوردی لێنرابوو لە دەوروبەری ساڵی ١٨٥٠دا کاتێک هاوژینەکەی لەدەستدەدات جڵەوی فەرماندەیی هۆزەکەی دەگرێتە دەست و لە شەڕی قەوقازدا بەشدارییەکی کاریگەر دەکات و مێژوونووسانی بیانی وەک ژنێکی خاوەن شکۆ باسی دەکەن کە چۆن توانیویەتی لەناو کۆمەڵگەیەکی خێڵەکیدا ببێتە پێشەنگ و لە مەیدانی جەنگدا وەک سوارچاکێکی بێ ێنە دەربکەوێت و لەو سەردەمەدا کە دەوڵەتی عوسمانی بەرامبەر ڕووسەکان تووشی شکست ببوو فاتمە ڕەش لە ناوچەکانی مەڕەش و سێواس و ئەرزەڕۆم سوپایەکی ٥٠٠ کەسی کۆکردەوە و بە مەرجی فەرماندەیی سەربەخۆ و پۆشینی جلی کوردی چوو بۆ ئیستەنبوڵ و جیهانی هەژاند.
کاتێک فاتمە ڕەش گەیشتە ئیستەنبوڵ و چووە کۆشکی سوڵتان وەک سەرکردەیەکی سەربەخۆ مامەڵەی کرد، ئەو سێ مەرجی سەرەکی هەبوو کە مێژوونووسان بە سەرسامییەوە باسی دەکەن و مەرجەکان ئەمانە بوون، فاتمە ڕەش ڕازی نەبوو سوپاکەی تێکەڵی سوپای فەرمی عوسمانی بکرێت و بخرێتە ژێر فەرمانی ئەفسەرە تورکەکان ئەو مەرجی دانا کە خۆی فەرماندەی ڕاستەوخۆی سوارچاکە کوردەکان بێت و تەنها لە کاتی پلانە گەورەکاندا هەماهەنگی بکات ، مەرجێکی دیکەی ئەوەبوو کە سوپاکەی بە هیچ شێوەیەک جلی سەربازی عوسمانی (یونیفۆرم) نەپۆشن و بە جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی و خەنجەر و کڵاوی کوردییەوە بچنە مەیدانی جەنگ ئەمە پەیامێکی سیاسی بوو بۆ ناسنامەی کورد، هەروەها فاتمە رەش داوای کرد کە سوارچاکەکانی لە هێڵی پێشەوەی جەنگ بن چونکە متمانەی بە ئازایەتی خۆیان هەبوو و نەیدەویست وەک هێزی یەدەگ تەماشا بکرێن، تورکەکان دەزانن کە فاتمە ڕەش بە چ هەیبەتێکەوە چووەتە ئیستەنبوڵ و چۆن سوڵتانی ناچار کردووە ڕێزی لێ بگرێت بۆیە ئێستا هەوڵ دەدەن مێژووی ئەم ژنە وەک "دڵسۆزی بۆ خەلافەت" نیشان بدەن بەڵام ڕاستییە مەیدانییەکە ئەوەیە کە فاتمە ڕەش تەنها بۆ پاراستنی خاک و ناوبانگی کورد جەنگاوە.
فاتمەڕەش؛ نیشانەی هێزی بڕیاردانی کورد
ڕاپۆرتە مێژووییەکانی ڕۆژنامە ئەوروپییەکانی ئەو سەردەمە وەک ڕۆژنامەی ئیلێسترەیتد لەندەن نیوز لە ساڵی ١٨٥٤دا بە سەرسامییەوە باسی فاتمە ڕەش دەکەن و بە وێنەی گەورە وەک خانمە کوردەکە دەیناسێنن و باسی ئەوە دەکەن کە چۆن هەزاران کەس ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ بینینی ئەم ژنە کە بە جلوبەرگی ڕەشی کوردی و بە سواری ئەسپەوە لە پێش سوپاکەیەوە دەڕۆیشت، ئەو نەک تەنها جەنگاوەر بوو بەڵکو دیپلۆماتکارێکی لێهاتوو بوو کە توانی ڕەزامەندی سوڵتانی عوسمانی بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بە سوپا کوردییەکەیەوە سەربەخۆیانە بجەنگێت، مەرجەکانی فاتمە ڕەش بۆ سوڵتان عەبدولمەجید نیشانەی هێزی بڕیاردانی کورد بوو چونکە ڕازی نەبوو سوپاکەی تێکەڵی سوپای فەرمی عوسمانی بکرێت و مەرجی دابوو کە بە جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی و خەنجەر و کڵاوی کوردییەوە بچنە مەیدانی جەنگ و ئەم دیمەنە لەو سەردەمەدا بۆ ئەوروپییەکان وێناکردنی ژنێکی شەڕکەر بوو کە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ پیاوە ئازاکاندا نەبوو ،ئەم وێنەیە لە میژووەوە تا ئیستا بۆتە هۆی بیزارکردی تورکیا چونکە ئەم وێنەیە گەورەترین بەڵگەیە کە قەرە فاتمەی ئەسڵی، ژنێکی کورد بووە و هیچ پەیوەندییەکی بەو "قەرە فاتمە" تورکەوە نییە کە لە ساڵی ١٩٢٠دا دەرکەوتووە و لە وێنەکەدا بە جلوبەرگێکی تەواو کوردییە دەرکەوتووە و هیچ ئاماژەیەکی پۆشاکی سەربازیی تورکی یان عوسمانی پێوە نییە و هاوکات ناونیشانی ڕۆژنامە جیهانییەکە، کە بە ڕاشکاوی نووسیویەتی "The Kurdish Lady" واتە خانمە کوردەکە.
بەڵام لە ئێستادا هەوڵێکی چڕی تورکیا دەبینرێت بۆ ئەوەی فاتمە ڕەش لە ڕەگ و ڕیشە کوردییەکەی داببڕێت و وەک قارەمانێکی نەتەوەیی تورک نیشان بدرێت و بۆ ئەم مەبەستەش کارەکتەرێکی تری مێژووییان بە هەمان نازناو کە فاتمە سەحەرە و ٧٠ ساڵ دوای فاتمە رەش، لە ساڵانی ١٩١٩-١٩٢٣دا لە جەنگی سەربەخۆیی تورکیادا دەرکەوتووە، هاوکات فاتمە ڕەشی کورد لە ساڵی ١٨٥٤دا بووە و لە "مەڕەش" یان "سێواس"ەوە هاتووە و شوناسێکی تەواو کوردی هەبووە، بەڵام فاتمەی تورک پاش نزیکەی ٧٠ ساڵ دەرکەوتووە، و دەوڵەتی تورک بە ئەنقەست ناوی فاتمە ڕەشی کورد لە پەرتوکەکانی مێژوودا دەسڕێتەوە یان وەک "تورکێکی دڵسۆز" دەیناسێنێت، تا مێژووی سوارچاکیی و فەرماندەیی ژنی کورد وەک بەشێک لە مێژووی تورک نیشان بدات، ئەمە یەکێکە لە ترسناکترین جۆرەکانی "دزینی مێژوو" کە دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، دراما، و کتێبە مۆدێرنەکانەوە پەیڕەوی دەکات، بۆ ئەوەی نەوەی نوێی کورد تووشی گومان بکات لە ڕەسەنایەتی قارەمانەکانی خۆی.ئێستا ئەگەر لە میدیا فەرمییەکانی تورکیادا سەیری بابەتەکانی پەیوەست بە "قەرە فاتمە" بکەیت، ئەم فێڵانە دەبینیت:کاتێک باسی "قەرە فاتمە"ی خۆیان دەکەن کە لە ساڵی ١٩٢٠ جەنگاوە، بە ئەنقەست وێنە ڕەسەنەکەی ساڵی ١٨٥٤ی فاتمە ڕەشە کوردەکە لە تەنیشت دادەنێن. ئەمە وادەکات خوێنەر وا بزانێت هەردووکیان یەک کەسن و ئەو ژنە کوردەی جیهان باسی دەکرد، هەر هەمان ئەو ژنە بووە کە دواتر بووە بە "کەمالیست" و شوێنکەوتەی ئەتاتورک، لە دراما تورکییەکاندا، کارەکتەری قەرە فاتمە بە جلی سەربازیی عوسمانی یان تورکیی مۆدێرن پیشان دەدەن، لە کاتێکدا هەموو سەرچاوە ئەوروپییەکان جەخت دەکەنەوە کە فاتمە ڕەش بە کڵاو و چۆخە و خەنجەری کوردییەوە چووەتە ناو جەنگ.
باشترین چەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دزینی مێژووە بریتیین لە:
گەڕانەوەیە بۆ سەرچاوە بێلایەنەکان. کاتێک ڕۆژنامەیەکی لەندەنی یان پاریسی لە ساڵی ١٨٥٤دا دەنووسێت "The Kurdish Princess" (شازادە کوردەکە)، ئەمە بەڵگەیەکە کە هیچ مێژوونووسێکی تورک ناتوانێت بێدەنگی بکات. فاتمە ڕەش پێش ئەوەی تورکیا ببێتە دەوڵەتێکی نەتەوەیی، ناسنامەی خۆی وەک کورد بە جیهان ناساندبوو، بۆ ئەوەی مێژووی فاتمە ڕەش و قارەمانەکانی تری کورد لە چەواشەکاریی میدیای تورکی بپارێزین، پێویستمان بە ستراتیژییەکی "میدیایی و نەتەوەیی" هەیە کە تەنها لەسەر گێڕانەوە نەوەستێت، بەڵکو بەڵگەکان بکاتە زمانی سەردەم. دەتوانین چەند هەنگاوێکی کردەیی بنێین پاراستنی ئەم شوناسەوەک بەجیهانیکردنی بەڵگەنامە بیانییەکان (Internationalization)تورکیا دەتوانێت دەستکاری کتێبە مێژووییەکانی ناوخۆی بکات، بەڵام ناتوانێت ئەرشیفی لەندەن، پاریس و نیویۆرک بسڕێتەوە.
پێویستە ئەو وێنە و ڕاپۆرتانەی ساڵی ١٨٥٤ کە بە زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی باسی "خانمە کوردەکە" دەکەن، بە شێوەی "ئینفۆگرافیک" و بە زمانە زیندووەکانی جیهان بڵاو بکرێنەوە. کاتێک جیهان دەبینێت سەرچاوە بێلایەنەکان دەڵێن "کورد"، درۆی میدیای تورک بەتاڵ دەبێتەوە.
جیاکردنەوەی "دوو فاتمەکە" لە ڕێگەی زانیارییەوە (The Double Fatma Strategy)پێویستە لە سۆشیاڵ میدیادا جیاوازیی نێوان فاتمە ڕەشی کورد ١٨٥٤ و فاتمە سەحەری تورک ١٩٢٠ڕوون بکرێتەوە، و دروستکردنی خشتەی بەراوردکاری لە نێوان تەمەن، ناوچە، جلوبەرگ و ئامانجی جەنگی هەردوکیان. ئەمە وا دەکات گەنجی کورد چیتر تەنها بە ناوی "قەرە فاتمە" هەڵنەخەڵەتێت و بزانێت کە تورکەکان ناوێکی هاوشێوەیان بۆ "دزینی ناوبانگەکە" دروست کردووە.
مێژوو تەنها بە نووسین ناپارێزرێت، هونەر یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی پاراستنی مێژوو ، بۆ ئەم مەبەستەش هاندانی سینەماکاران و وێنەکێشانی کورد بۆ دروستکردنی فیلمی دیکۆمێنتاری یان ئەنیمەیشن لەسەر فاتمە ڕەش، بە جەختکردنەوە لەسەر جلوبەرگی کوردی و ڕەسەنایەتی ناوچەی مەڕەش و سێواس. کاتێک وێنەی ڕاستەقینەی فاتمە ڕەش لە مێشکی نەوەی نوێدا جێگیر بوو، وێنە ساختەکانی تورک کاریگەرییان نامێنێت.
"ژنی کورد هەرگیز سەر شۆڕ ناکات"
زوڵفان غەریب، چالاکوانی ژنان دەربارەی مێژووی فاتمەڕەش قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: بە درێژایی مێژووی شۆڕشەکانی کورد ژنانی کورد هەمیشە ڕۆڵێکی جدیان بینیووە، لە بواری سیاسەتکردن و شۆرشگێریدا، بە پێی قۆناغەکانی شۆرش ژنان توانیوانە بەشداری بەرچاوی تێدا بکەن، هەندێک جاریش بوونەتە سەرۆک هۆز و یەکە کارگیێرییەکان، ژنان رۆڵ و پێگەی کاریگەریان بووە لە پێگە کارێگڕییەکاندا و لە بواری نووسین و تۆمارکردنی مێژووددا ڕۆڵێکی بەرجاویان هەبووە، بەداخەوە مێژوو نەیتوانیووە ڕۆڵی بەرچاویان وەک کارەکتەرێکی بنەڕەتی لە شۆڕشەکاندا بنوسێتەوە، بەڵام شوێنپەنجەیان دیارە لە ئەرشیفی مێژووی شۆرشەکانی کوردا، بۆ نمووونە یەکێک لەو ژنانە فاتمە رەش بووە کە لە سەدەی ١٩ دا سەرۆک هۆزێکی کورد بووە، کە بە ٣٠٠ جەنگاوەرەوە چۆتە ریزی پێشەوەی شەر، زۆرن ئەو کەڵە ژنانەی کە لە مێژوودا کە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە، ژنانی کورد هەمیشە توانیویانە وانەو پەندێکی وا فێری دوژمن بکەن کە هەرگیز ژنی کورد سەر شۆر ناکات، دوو قسەی بەناوبانگی مێژوونووسانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، مێجەرسۆن و ئەدمۆس،هەیە کە دێنە ئەم ناوچەیە و ژنانی کورد جیا دەکەنەوە لە ژنانی تورک و عەرەب و فارس و دەڵێن " کە چوونە ڕۆژهەلاتی ناوەراست، نەتەوەیەک هەیە نەتەوەی کورد ئازایەتی ژنەکانیان زۆر بێوێنەیە و هەمیشە، جیایان دەکەیتەوە لە ژنانی فارس وعەرەب و تورک" گەر باس لە ئیستاش بکەین ژنانی کورد وێنەیەکی ئەوەندە جوانیان لە جیهاندا پیشان داوە، ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان توانیان چۆک بە گەورەترین و ترسانکترین دوژمنی مرۆڤایەتی کە داعشە دابدەن، ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان بە شۆرشی کەزی حکومەتی سووریای ناچار کرد کە نەتوانێ ژنی کورد وەک ژنانی دیکە بکاتە ئەو چوارچیوەیە کە تەنها لە ماڵەوە بێت و ژنان بە دپلە دوو سەیر بکات، بەو شۆرشە نەک تەنها ژنان بەڵکو هەموو کورد لە ئێستاو لە داهاتوودا سودی لێدەبینێت، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بینیمان کە شۆرشی ژینا ئەمینی نارەزایەتی بەرامبەر بە حکومەتێکی دیکتاتۆری وەک ئێران هەموو دونیا بێنێتە سەر شەقام، شۆرشی ژ"ن ژیان ئازادی" داهێنا، گەر باس لە باکوردی کوردستان بکەین ژنان سیمبولی ئاشتین و ساڵی رابردوو ژنان توانیان سەرۆکی شاندی ئیمراڵی و سەرۆکی شاندی ئاشتی بن، ژنان توانیان پێگە و ڕۆڵێکیان هەبێت بۆ کۆکردنەوەی کۆنفراسی نەتەوەی کورد،گەر باس لە باشووری کوردستان بکەین ئەوا ژنانی کورد جەنگاوەرن و لە شۆرشەکاندا بەشدارن، بە ئێستاشەوە خاوەن هیزی چەکدار و شەهیدن.
ئاماژەی بەوەشکرد، مێژووی ژنانی کورد، ئەگەر مێژوونوسان مافی خۆیان پێبدەن بەراستی پێگە و ڕۆڵی ژن ئەفسانەییەو بەردەوام بەشدارییەکی راستییان هەیە و لە شۆرشکردن و بەرگریکردن لە خاک و پاراستنی کولتووری کوردەواری و پاراستنی پۆشاکی کوردی، کە پۆشاکێکی سەرسامە لە جیهاندا، بۆیە هەمیشە ئەگەر خوێندەنەوەی مێژوونووسان ببینیت پێناسەکانی ژنان کە دەکەن بەدەر لە ئازایەتی باس لە پاراستنی کولتوور و زمانیان دەکەن و مێژووی ژنان بە چەندین راپۆرت و بابەت کۆتایی نایەت و ژنانی کۆڵنەدەر زۆرن لە مێژووی کوردیدا ئەگەر باس لە چەندین کەڵەژنی دیکە بکیەن وەک لەیلا زانا و زەکیەئەلکان کە سمبوولی پاراستنی ئاگری نەورۆزە بە گیانی خۆی، کەڵە ژن و ژنانی پێشەنگمان زۆرن دەتوانین چەندین خوێندنگەیان پێ رووناک بکەینەوە بۆ ئەوەی مێژووی پرشنگداری کوردی پێ بدرەوشێتەوە.
پەیام بۆ کۆنگرەی یەکگرتنی ژنانی کورد
زوڵفان غەریب لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هیوادارم کە ئەم پێگەو قۆناغەی ئێستای بزووتنەوەی ژنان لە جەند ساڵی داهاتوودا ، کە تێکۆشان بەرەو پێشەوە دەچێت خێراتر و زۆر لە ئاستێکی باشتردا بیبینم و ژنان لە پێگەی دەسەڵاتی باڵادا ببینم بەتایبەت لە پێگە کارگێڕییەکاندا، چونکە یەکێک لە کایەکانی پیشکەوتنی کۆمەڵگە پیشکەوتنی ژنان و بەشداری کردنیانە لە کایەی دەسەڵات و شوێنی بڕیاردان، وهیوادارم کە کۆنگرەی یەکگرتنی بزووتنەوەکانی ژنان لە هەرچوار پارچەی کوردستان ببینم، کە دەستپێکێک هەیە بەلام ئومێد دەکەم کە زیاتر بیبینم، وەک ئەوەی کە بینیمان شۆرشی کەزی چی کرد و هیوادارم ئەم جارە ژنانی هەر چوار بەشی کوردستان لە کۆنگرەیەکی هاوبەشدا ببینم کە خەبات و ئەنجامەکەی بۆ داهاتووی گەلی کورد بێت.