ئەندامانی ئەنجومەنی ژنانی سووریا: بۆ چارەسەری سیاسی بانگ لە ژنان دەکەین

ئەندامانی ئەنجومەنی ژنانی سووریا داوایان لە ژنان کرد تێبکۆشن و خۆیان ڕێکبخەن و وتیان: داوا لە ژنان دەکەین لەژێر چەتری ئەنجومەنی ژنانی سووریا کاربکەن بۆ دروستکردنی چارەسەرێکی ئاشتیانە.

فیدان عەبدوڵا

 

حەلەب- زیاتر لە ٢٠٠ نوێنەری شارەکانی سووریا بەشدارییان لە کۆنفرانسی دووەمدا کرد کە لەلایەن ئەنجومەنی ژنانی سووریاوە لە شاری حەلەب بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسەکە بە دروشمی"لە سووریایەکی خۆبەڕێوەبەر و یەکگرتوو، بە یەکگرتوویی ژنان، کۆتایی بە جەنگ دەهێنین و ئاشتی بونیاد دەنێین" گفتوگۆی جیاواز کرا.

 

 

"ئامانج گوێگرتنە لە دەنگی ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکان"

جیهان محەمەد، کە بەشداری کۆنفرانسەکەی کرد، ئاماژەی بەوەدا پێویستە ژنان هەوڵ بدەن و پشتیوانی لە ئاشتی و ئاسایش لە هەموو بوارێکدا بکەن و وتی: ئەنجومەنی ژنانی سووریا دژی ئەو هێزە دەرەکیانەیە کە هەمیشە بەدوای وێرانکاریدا دەگەڕێن، ئامانجی ئەنجومەنەکە ئەوەیە کە دەنگی ژنان و بەتایبەت ژنانی ناوچە داگیرکراوەکان ببیسترێت.

 

بانگ لە هەموو ژنان کرا

سوعاد باردینی، نوێنەری شاری ڕەققەی ئەنجومەنی ژنانی سووریا، ئاماژەی بەوەدا، بۆ ئەوەی ژنان ئازاد بن و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بونیاد بنێن، پێویستە لە هەموو بەشەکانی سووریا یەکبگرن وتی: لەگەڵ هەمووان پێکەوە کاردەکەین. لەپێناو باشترکردنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە هەوڵدەدەین بگەینە ژنان، داوا لە ژنان دەکەین لە ژێر چەتری ئەنجومەنی ژنانی سووریا کار بۆ ئاشتی و چارەسەری سیاسی بکەن.

 

"ئامانجمان ئەوەیە ژنان لە عەقڵیەتی تائیفی دوور بکەونەوە و یەکڕیزیی خۆیان بونیاد بنێن"

 ڕوقیە ئەحمەد، داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە شاری قامیشلۆ، ئاماژەی بەوەدا کە ژنان تووشی چەندین پێشێلکاری و چەوساندنەوە دەبن وتیشی: بۆ ئەوەی بەئاگابێن و شارەزابن لەم بوارەدا، ئەرکمان ئاشکراکردنی ئەو پێشێلکاریانەیە.

 

 مەریەم حەیاتی، نوێنەری ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە مەنبەج، ئاماژەی بەوەدا یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەنجومەنی ژنانی سووریا دوورخستنەوەی ژنانی سووریایە لە عەقڵییەتی تائیفی و بونیادنانی یەکگرتوویی خۆیانە.