بۆ جارێکی دیکە مامۆستایانی وانه‌بێژ له ‌هەڵه‌بجه‌ گردبوونه‌وه‌

مامۆستایانی وانەبێژ لە هەڵەبجە گردبوونەوە و مامۆستایەکیش دەڵێت: ئەگەر تاوەکو ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ وەڵامی دامەزراندنمان نەدرێتەوە، ئەوا بایکۆتی خوێندن دەکەین.

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم بەریوەبەرایەتی پەروەردەی هەڵەبجە ,٢٧٢ وانەبێژی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەڵەبجە، بە بەشداری ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئاینی و ڕێکخراوەکان گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە بەڵێنە جێبەجێنەکراوەکان بۆ دامەزراندنیان، ئەنجامدا.

 

زریان عەبدول کەریم ماوەی سێ ساڵە وانەبێژە لە دەرەوەی پارێزگای هەڵەبجە، دەربارەی گردبوونەوەکەیان وتی: ئێمە گردبوونەوەیەکی مەدەنیمان ڕیکخستووە، چونکە چەندین بەڵێنمان پێدراوە کە بکرێین بە مامۆستای دامەزراو، بەشێک لە وانەبێژان دامەزراندنی بۆ کراوە و بەشێک فەرامۆش کراوە، تاوەکو ئێستا هەوڵی جددی بۆ دامەزراندنی وانەبێژان نەدراوە، ئەگەر تاوەکو ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ وەڵام نەدرێینەوە، ئەوا بایکۆتی خوێندن دەکەین.

 

چیمەن ساڵح ماوەی ٥ ساڵە لە دەەوەی شاری هەڵەبجە وانەبێژە و وتی: چاوەڕوانی زۆر ناخۆشە، مافی خۆمانە کە دابمەزرێین، مامۆستا هەیە دە ساڵە وانەبێژە، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنووسمان نادیارە و پێویستە حکومەت ئەوەندە بێ باک نەبێت و بە دەم داواکانمانەوە بێن، تاوەکو ئێستاش هیچ کەس و لایەنیک بە دەم داواکای مامۆستایەنەوە نەهاتووە و هەتاوەکو بەدەممانەوە دێن، لە داواکردنی مافەکانمان بەردەوام دەبین.

 

مامۆستایانی وانەبێژ بەیاننامەیەکیان ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە کرد و داوایان کرد، چیتر یاری بە هەستی وانەبێژان نەکەن، ئەگەر تاوەکو سەری ساڵی نوێی خوێندن بەدەم داواکانیانەوە نەچن، ئەوا بایکۆت دەکەن و ناچنە هۆڵەکانی خوێندن.