بەبێ ڕوونکردنەوە سەرۆک وەزیرانی تونس لە کارەکەی دوورخرایەوە

نەجلە بودەن، سەرۆک وەزیرانی تونس، کە یەکەم ژنە سەرۆک وەزیرانی جیهانی عەرەبی بوو، لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە لە کارەکەی دوورخرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆکایەتی تونسدا ڕاگەیەندراوە، قەیس سەعید، سەرۆک کۆمار، بڕیاری دوورخستنەوەی  نەجلە بودەنی سەرۆک وەزیرانی لە کارەکەی داوە و لەجێگەی ئەو، ئەحمەد هاچانی جێگیر کراوە، لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هۆکاری دوورخستنەوەکە ئاشکرا نەکراوە.

 

قەیس سەعید، سەرۆک کۆماری تونس، لە کاتی مەراسیمی سوێندخواردنی ئەحمەد هاچانی، لە کۆشکی سەرۆکایەتی وتی: بۆ پاراستنی وڵاتەکە، دەوڵەت و ئاشتی کۆمەڵایەتی، دەبێت سەرکەوتوو بین و  زەحمەتی زۆرمان لەپێشە.

 

فشارەکان له وڵاتدا زیاد دەبێت

قەیس سەعید لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەبێ هیچ هۆکارێک چەند وەزیرێکی لە کارەکەی دوور خستەوە، لەوانە عوسمان جێراندی، وەزیری دەرەوە، هەروەها فشارەکان لەسەر ڕۆژنامەنووسان و بازرگانان لە وڵاتەکەدا لە زیادبووندایە، لە مانگی شوباتەوە زیاتر لە ٢٠ کەس دەستگیرکراون، لەناویاندا ڕەشید غەنوشی، سەرۆکی بزووتنەوەی ئینناهدا، کە یەکێکە لەو کەسانەی ڕەخنە لە سەرۆک دەگرن.

 

نەجلە بودەن لە ٢٠٢١ەوە ئەو ئەرکەی گرتبووە دەست

نەجلە بودەن، یەکەم ژنە سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە و هەروەها جیهانی عەرەبییە، دوای قەیرانی مێژوویی ساڵی ٢٠٢١ دەستنیشانکرا، سەرۆک قەیس سەعید، کە دوو مانگ پێش گۆڕانکارییەکە پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و سەرۆک وەزیرانی لە کارەکەی دوور خستەوە، ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی بە خێرایی بە نەجلە بودەن دا، پێش ئەوەی ببێت بە سەرۆک وەزیران، نەجلە بودەن پرۆژەی چاکسازی زانکۆی بەڕێوە دەبرد، دکتۆرای لە جیۆلۆجی هەیە و پێشتر وەک بەڕێوەبەری وەزارەتی خوێندنی باڵا کاری کردووە.