دەزگای لوتکە: کۆچی نایاسایی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ٪١٠ زیادی کردووە

لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە بە ڕێژەی ٪١٠ زیادیکردووە، ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو دیاری کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕێژەی کۆچی نایاسایی لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٣ی خستەڕوو، کە بە پێی بەدواداچوون و ئەو داتایانەی دەزگاکە کۆی کردووەتەوە، "لە سەرەتای ساڵەوە تا کۆتایی مانگی حوزەیران بە شێوەیەکی نایاسای ١٣٢ هەزار و ٣٧٠ هەوڵی گەیشتن بە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا تۆمارکراوە.

 

دەزگای لوتکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە زیادبوونە دەکاتە ڕێژەی ٥١٠ی کۆچ بۆ یەکێتی ئەوروپا، لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، هەر بە پێی زانیاریەکانی دەزگای لوتکە، ترانزێت بە ڕێگاکانی دەریای ناوەڕاست زیاتر لە یەک لەسەر سێ زیادیکردووە و نیوەی کۆی ئەو ژمارەیە پێکدەهێنێت، هەروەها لەبەر زیادبوونی کۆچی نایاسایی، هاتوچۆ لەسەر هەموو ئەو ڕێگایانەی دیکە کە بەرەو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەچن کەمیکردووە، بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢.

 

جێی ئاماژەیە، بەهۆی کۆچکردنەوە بەرەو ئەوروپا لەو وڵاتانەی کە سەقامگیری و ئاسایش و هەلی کاری تیادا نییە، ساڵانە دەیان هەزار کەس دەخنکێن، بێسەروشوێن دەبن و ڕووبەڕووی کارەساتی ڕێی نایاسایی و دەریا دەبنەوە، هەروەها لە سەرەتای ئەم مانگەدا یەکێتی ئەوروپا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ تونس واژۆ کرد بۆ سنووردارکردنی کۆچی ناڕێک بۆ وڵاتانی ئەوروپا، کە ئامانجی توندکردنەوەی ڕێکارەکانی دژب ە کۆچی نایاساییە لە ڕێگەی دەریاوە پێش هەڵبژاردنەکانی ئەوروپا، کە بڕیارە لە ماوەی ساڵی داهاتوودا ئەنجام بدرێت.