"داعش کارەساتی گەورەی خوڵقاند و دەبێت دادگایی بکرێت"

لە مانگی ئابی ٢٠١٤ هێرشی دڕندانە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە لە شاری شەنگال ڕوویدا، لەو هێرشانەدا سەدان کەس کوژران، دەستدرێژییان کرایە سەر، هەزاران کەس ڕفێندران و ماڵەکانیان تاڵان کران و وێران کران.

هاوار میدیا

 

شەنگال- ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤، لە کاتێکدا شەنگال لەژێر پاراستنی ١٢ هەزار پێشمەرگە و شەش هەزار سەربازی عێراقیدا بوو کە سنوور و ناوخۆیان دەپاراست، لەلایەن چەتەکانی داعشەوە هێرش کرایە سەری و ١٨ هەزار کەس لە هێزی پاراستن ڕایانکرد و شەنگال و ئێزیدییەکانیان بەتەنها بۆ کۆمەڵکوژی بەجێهێشت.

 

داعش لە بەرە بەیاندا فەرمانی ئەنجامدا

لە فەرمانی ٧٥ی ساڵی ٢٠١٤دا لە شەنگال، ٢ هەزار و ٨٥٥ کەس کوژراون، هەزار و ٢٦٢یان ژن بوون، هەزار و ٤٣١یان پیاو بوون، ٦ هەزار و ٤١٧ کەس ڕفێندران کە ٣ هەزار و ٥٤٨یان ژن و ٢ هەزار و ٨٦٩یان پیاو بوون، تا ئێستا ٧ هەزار و ٤٣٢ کەس بێسەروشوێنن، کە ٣ هەزار و ٥٠٤ کەسیان ژن و ٢ هەزار و ٨٦٩یان پیاون، هاوکات هەزاران کچ و ژنی ئێزیدی دەستدرێژی کرایە سەریان و لە بازاڕەکاندا فرۆشران، دەیان شوێنی پیرۆزیش وێران کران.

 

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک-هەسەدە هاوشانی یەپەگە، یەپەژە هەزاران کەسیان لە دەستی داعش ڕزگار کرد، ژمارەی ئەو کەسانەی کە ڕزگاریان بووە ٣ هەزار و ٥٦٨ کەسە، کە هەزار و ٢١٣یان ژن و ٣٣٩یان پیاو، هەزار و ٥٩ کچ و ٩٥٧ کوڕ دەبن، ١٥٠ لەو ژنانەی کە لە ژیاندا ماون لە شاری شەنگال دەژین، بەشێکی کەمیان لە کامپەکانی باشووری کوردستان ماونەتەوە و ژمارەیەکی زۆریش کۆچیان کرد بۆ ئەوروپا.

 

لەو فەرمانەدا ٣٦٠ هەزار ئێزیدی ناچاربوون کۆچ بکەن، دوو هەزاریان ڕوویان لە باشووری کوردستان کرد، ١٠ هەزار ئێزیدی  پەنابەری ئەوروپان و تا ئێستا هەزار و ٣٤٠ ژن و هەزار و ٥٩٧ پیاو لە دەستی چەتەکانی داعشدان، دوای فەرمانەکەش دوو هەزار و ١٦٦ منداڵی ئێزیدی بێ سەرپەرشت مانەوە.

 

گۆڕە بەکۆمەڵەکان

چەتە دڕندەکان ئەو کەسانەیان توانیان بیانبەن، بردیانن و ئەو کەسانەی بەهۆی زۆری تەمەن و نەخۆشییەوە نەیانتوانی بیانبەن، لە گۆڕێکدا کۆمەڵکوژیان کردن، ئەوانەشی تا کۆتایی شەڕیان دژی داعش کرد تا نەبرێن، لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژران، لە ئێستادا ٨٩ گۆڕی بەکۆمەڵ و دەیان گۆڕی دیکە لە شەنگال هەیە.

 

ئەو دەوڵەتانەی هێرشەکانی سەر شەنگالیان بە جینۆساید ناوبرد:

ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیا، ئێرلەندا، پورتوگال، هۆڵەندا، بەریتانیا، بەلجیکا، لۆکسمبۆرگ، ئەڵمانیا، ئەرمینیا، سکۆتلەندا و فەرەنسا.

 

-لە ساڵی ٢٠١٥-٢٠١٦، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە، داعش "جینۆساید"ێکی پلان بۆ داڕێژراوی دژی ئێزیدییەکان ئەنجامداوە.

-لە ساڵی ٢٠١٦ پەرلەمانی ئەوروپا بڕیاریدا دان بە جینۆسایدی ئێزیدییەکاندا بنێت.

-ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٦دا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دان بە جینۆساید دژی ئێزیدییەکان و کەمینەکانی دیکەدا دەنێت.

-لە ساڵی ٢٠١٧ ئەنجومەنی پەرلەمانی کۆنسەی ئەوروپا داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کرد، بە فەرمی دان بەو جینۆسایدەدا بنێن کە لە عێراق و سووریا دژی ئێزیدی و مەسیحی و سوننەکان ئەنجامدراوە.

 

-پەرلەمانی ئەرمینیا لە ساڵی ٢٠١٨دا ئەو تاوانانەی لە دژی ئێزیدییەکان ئەنجام دراون بە 'جینۆساید' ناساند.

-کەنەدا لە ساڵی ٢٠١٨دا تەنیا لە شێوەی "سڕینەوەی ناسنامەکان" دەستی بە جینۆساید دژی ئێزیدییەکان کرد، بەڵام بە جینۆساید ناوی نەبرد، کەنەدا سیاسەتێکی تایبەتیش بۆ ژنانی ئێزیدی کە لە دەستی داعش ڕزگاریان بووە، بەڕێوە دەبات.

-لە ساڵی ٢٠١٨ لە پەرلەمانی ئوسترالیا ئەنجومەنی نوێنەران پڕۆژە یاسایەکی قبوڵ کرد، کە جینۆسایدی داعش لە دژی پێکهاتەی ئێزیدی ئەنجام دەدات، داواشیکرد لێکۆڵینەوە لە تاوانباران بکرێت و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

 

-لە ساڵی ٢٠١٩ پەرلەمانی پورتوگال دانی بە جینۆسایدی شەنگالدا ناوە.

-لە ساڵی ٢٠٢١ پەرلەمانی بەلجیکا ئەو تاوانانەی داعش لە دژی کۆمەڵگەی ئێزیدی بە "جینۆساید" ناساند، لەگەڵ ئەوەشدا بە مەرجی جێبەجێکردنی، ڕێککەوتنی ٩ی ئۆکتۆبەریشی پەسەند کرد.

 

-لە ساڵی ٢٠٢١ پەرلەمانی هۆڵەندا ئەو تاوانانەی لە ساڵی ٢٠١٤ بەرامبەر پێکهاتەی ئێزیدی ئەنجامدراون بە "جینۆساید" قبوڵ کرد.

-لە ساڵی ٢٠٢٢ حکومەتی بەریتانیا ئیدانەی دڕندەیی داعشی لە دژی ئێزیدییەکان کرد، بەڵام تاوانەکانی بە جینۆساید نەناساند، ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە سیاسەتێک لەخۆدەگرێت کە لە دادگای باڵای تاوانەکان جێبەجێ دەکرێت.

-لە ساڵی ٢٠٢٢ پەرلەمانی لۆکسمبۆرگ ئەوەی لە دژی ئێزیدییەکان کراوە بە "جینۆساید" ناساند.

-لە ساڵی ٢٠٢٣ پەرلەمانی ئەڵمانیا ئەو تاوانانەی داعشی لە دژی کۆمەڵگەی ئێزیدی بە "جینۆساید" ناساند.

 

دادگاییکردنی داعش

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە یەکەم ڕۆژەکانی کۆتایی هاتنی شەڕی باغۆزەوە، کە شکستی چەتەکانی داعش بوو، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات ڕۆڵی خۆی لە چارەسەرکردنی دۆسیەی چەتەکانی داعشی زیندانیکراودا ڕوون بکاتەوە، دەستپێشخەرییەکە بۆ دامەزراندنی دادگا و دادگاییکردنێکی نێودەوڵەتی پێشکەش بە دەوڵەتە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوە یاسایی و نێودەوڵەتییەکان کرا.

 

ئەو تاوانە تیرۆریستیانەی کە چەتەکانی داعش لەگەڵ هاوبەشەکانیان بەرامبەر بە خەڵکی باوەڕ و کولتوور و زمانی جیاواز ئەنجامی دەدەن، بەڵگەکراو و هەمووان دەزانن، بەڵام هەمووان بێدەنگن، تاوانباران دادگایی نەکراون و ئەمەش پێچەوانەی یاسا و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانە.

 

"بڕیاری دادگاییکردنی چەتەکانی داعش دراوە"

ئیدارەی بەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەزاران چەتەی دەستگیر کردووە و لە ناوەڕاستی هەوڵ و بانگەوازەکاندا بووە بۆ دادگاییکردنیان، ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ بڕیاری دادگاییکردنی چەتەکانی داعشی درا و ئەمەش بۆ هەموو جیهان زۆر گرنگە و بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی وەک ڕاگەیاندنی جەژن وایە.

 

"هەزاران داعش لە کەمپ و زیندانەکاندان"

ژمارەی چەتەکانی دەست ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ١٠ هەزارە و لە زیندانەکانی هەسەدە دان، هاوڵاتی زیاتر لە ٦٠ وڵاتن و دوو هەزاریان بیانین، ٥١ هەزار خێزانی چەتەکان لە کامپی هۆل زیندانی کراون ،کە زۆربەیان ژن و منداڵن.