٣٠٠ پەنابەر لە زەریای ئەتڵەسی بێسەروشوێن بوون

سێ بەلەم کە زیاتر لە ٣٠٠ پەنابەریان هەڵگرتبوو لە دوورگەکانی کاناریا لە زەریای ئەتڵەسی بێسەروشوێن بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

هیچ هەواڵێک لە سێ بەلەمەوە نییە کە زیاتر لە ٣٠٠ پەنابەریان هەڵگرتووە و دەیانویست سەنیگال بەجێبهێڵن و بەرەو دوورگەکانی کاناریا بەڕێکەوتبوون.

 

بەپێی هەواڵی ڕۆیتەرز، هێلینا مالینۆ، وتەبێژی ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ئیسپانی "کامیناندۆ فڕۆنتێراس" ڕایگەیاند، ١٥ ڕۆژ لەمەوبەر سێ بەلەم کە لە سەنیگالەوە گەشتیان دەکرد بۆ دوورگەکانی کاناریای ئیسپانیا لە زەریای ئەتڵەسی ونبوون.

 

هێلینا مالینۆ زانیاری بڵاوکردەوە کە نزیکەی ٢٠٠ پەنابەر لە بەلەمێکدا بوون و ٦٥ پەنابەریش لە بەلەمێکی دیکەدا بوون، ١٥ ڕۆژ لەمەوبەر کەناراوەکانی هەرێمی کافۆنتینیان لە باشوری سەنیگال جێهێشتووە.

 

بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٥٥٩ پەنابەر گیانیان لەدەستداوە لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە دوورگەکانی کاناریا، بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی کامیناندۆ فڕۆنتێراس، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی ساڵی ڕابردوو لەسەر ئەم ڕێگایە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە هەزار و ٧٨٤ کەس.