"بە خەباتمان دۆزی هۆزان مزگین زیندوو دەهێڵینەوە"

ئەندامانی ڕۆشنبیری و هونەری هەرێمی فورات لە یادی ٣١ ساڵەی شەهیدبوونی ژنە شۆڕشگێڕ و هونەرمەند غوربەت ئایدن (مزگین) ڕایانگەیاند: بە خەباتمان دۆزی هۆزان مزگین زیندوو دەهێڵینەوە".

بەیدا عوسمان

 

کۆبانێ- غوربەت ئایدن ناسراو بە مزگین لە ساڵی ١٩٦٢ لە گوندی بیلەیدەر نزیک شاری ئیلح لەدایکبووە، هۆزان مزگین لە ساڵی ١٩٨٠ پەیوەندی بە بزووتنەوەی ئازادییەوە کرد و بە پەیوەست بوون بە بزووتنەوەی ئازادییەوە، هونەر و شۆڕشی خۆی یەکدەخات و لە ڕێگەی شۆڕشەوە خەباتی خۆی بەڕێوە دەبات، بەرهەمی زۆر لەسەر نیشتمان و خەبات و ئازادی ژنان بەرهەم دەهێنێت، هۆزان مزگین بە ئەم بەرهەمانە و شۆڕشەکەی بووە یەکێک لە پێشەنگەکانی خەبات بۆ ئازادیی ژنان، بە گۆرانییەکەی حەقیقەتی گەلی کوردی خستەڕوو و ئازار، کۆچ، خۆڕاگری، خەبات، دۆستایەتی و شەهیدبوونی پێکەوە دەگێڕایەوە، چونکە ڕاستی مێژوویەکی لە کەسایەتی گەلی کورددا ئاشکرا کرد.

 

غوربەت ئایدن ناسراو بە هۆزان مزگین، لە ١١ی ئایاری ١٩٩٢ لە شاری تاتوان، بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستی سوپای تورکیا، چالاکی گیانفیدایی کرد و دوای شەهیدبوونی هۆزان مزگین، لە تاتوان کاریگەری گەورەی لەسەر گەلی کورد بەجێهێشت.

 

"هۆزان مزگین میراتێکی گەورەی بەجێهێشتووە"

مەحبوبە بۆتان، هونەرمەندی ڕۆشنبیری و هونەری هەرێمی فورات دەڵێت: وەک ئەندامانی ڕۆشنبیری و هونەر، ڕێبازی هۆزان مزگین پەیڕەو دەکەین، تا ئێستاش گۆرانییەکانی لە هەموو ماڵێکی کورددا دەبیسترێن و گوێیان لێدەگیرێت، ئەو هەم شۆڕشگێڕ و هەم گۆرانیبێژ بوو کە لە ڕێگەی گۆرانی و هونەرەکەیەوە خەباتی دەکرد، کاتێک ئەو زانیاریانەمان دەستکەوت کە بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستی دوژمن خۆی کردە قوربانی، زۆر قورس بوو بۆ ئێمە، لەو کاتەوە ئێمە گۆرانییەکانی دەڵێین و گوێ لە گۆرانییەکانی دەگرین، زۆرێک لە هونەرمەندان تا ئەمڕۆ گۆرانییەکانی دەڵێنەوە و پێشکەشی دەکەن، کاتێک گوێ لە گۆرانییەکانی دەگریت، دەچیتە جیهانێکی تر، چونکە لە شێوازی گۆرانییەکانیدا خەبات و بەرخۆدان لە دژی دوژمن دەبینین. هۆزان مزگین میراتێکی بەجێهێشتووە، دەنگی خۆشی خۆی بۆ بەجێهێشتین کە تا ئێستاش شوێن پێی هونەر و دەنگی ئەو هەڵدەگرین، ئاواتی من ئەوەیە کە هەموو هونەرمەندێکی ژن دەنگی بەرز بکاتەوە و پشتگیری لە خەبات و دۆزی مانادارەکەی بکات.

 

"ژنان هونەری خەباتیان بۆ شۆڕشی ئازادی نەخشاند"

سلاڤا بۆزی، هونەرمەندێکە و وتی: هۆزان مزگین بەرهەمی ماناداری لە دوای خۆی بەجێهێشت، بیرکردنەوە و گۆرانییەکانی نموونەن، چونکە گۆرانییەکانی سەبارەت بە ژن و دایک و نیشتمان تا ئێستاش لەناو خەڵکی کوردستاندا دەبیسترێن، هەموو گۆرانییەکانی جوانن، بەڵام ئەوەی زۆرترین سەرنجم ڕادەکێشێت و سەرسامم پێی، گۆرانییەکانی گوندینۆ و هەبوونە، زۆربەی بەرهەم و گۆرانییەکانی شۆڕشگێڕانە بوون، ئێمە وەک ئەندامانی ڕۆشنبیری و هونەر کە بەشداری شۆڕش دەکەین، دەمانەوێت خەباتێکی وەک خەباتی هۆزان مزگینیشمان هەبێت، هۆزان مزگین هونەری شۆڕشی ئازادی ژنانی نەخشاندووە، ئێمەش دەمانەوێت ئەم خەباتەمان هەبێت.