ژنانی ڕۆژنامەنووس: بە خەباتمان دەبینە وەڵام

ڕۆژنامەنووسان سۆزدا ئەحمەد و جوانە خەڵەف، لە بەرامبەر دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە باکووری کوردستان و تورکیا کاردانەوەیان نیشانداو وتیان: بە خەباتمان لە بەرامبەر فشاری دژی ڕۆژنامەنووسان دەبینە وەڵام.

ڕۆبیدا حاجی

 

حەسەکە- لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار لە باکووری کوردستان و تورکیا، دەوڵەتی تورکیا شەپۆلێکی ئۆپەراسیۆنی پاکتاوی سیاسی دەستپێکرد بۆ دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندان و سیاسەتمەداران، ڕۆژنامەنووسان لە هەموو شوێنێکەوە بۆ فشار و دەستگیرکردن کاردانەوەیان هەیە، ڕۆژنامەنووسانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش ئیدانەی هێرشەکان و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسانیان کردو وتیان: ئێمە دەبینە وەڵام.

 

"لەبەرئەوەی ئەوان ڕاستیەکان ئاشکرا دەکەن دەکرێنە ئامانج"

سۆزدا ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس سیاسەتە سیستماتیکییەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسانی شەرمەزار کردو وتی: حکومەتێک هەیە لە تورکیا کە لە ڕێگەی ئاژاوە و شەڕەوە بەدوای بوونی خۆیدا دەگەڕێت و دەیپارێزێت، حکومەت هەمیشە خۆی بە ڕەگەزپەرستی و دوژمنایەتی بەرامبەر ژنان بەگوڕتر دەکات، میدیا وەک گرنگترین ئامڕاز بۆ سەپاندنی ئەمە بەسەر کۆمەڵگەدا دەبینیت، بۆیە گەورەترین مەترسی بۆ ئەم سیاسەتانە ئەو ڕۆژنامەنووسانەیە کە ئاشکرایان دەکەن و ڕاستییەکان بڵاودەکەنەوە، بۆیە ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن و ڕاگەیاندنی کوردی ئامانجی سەرەکی حکومەتن.

 

سۆزدا ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، شەپۆلی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار دانەبراوەو وتی: تورکیا بەرەو هەڵبژاردنێکی مێژوویی هەنگاو دەنێت، پێویستە هەر کەسێک دژایەتی سیستمی دەسەڵات و کۆیلایەتی بکات، قۆناغێکی هەستیار بگرێتەبەر، ئەم سیاسەتە لە ئەمڕۆوە دەستی پێنەکردووە، پرۆسەیەکە کە تیایدا ڕۆژنامەنووسان و خەباتکارانی ڕۆژنامەوانی ئازاد لە ساڵانی نەوەدەکاندا کرانە ئامانج، کوشتن یان دەستگیرکردنی نادیار، ئەم سیاسەتانە، کە پێشتر لەسەر ڕاگەیاندنە کوردییەکان جێبەجێ دەکران، ئێستا لەسەر هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن بەردەوامە.

 

سۆزدا ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، بۆ وتنی ڕاستییەکان و بڵاوکردنەوەیان ئەرکی خۆی جێبەجیدەکات و وتی: وەک ژنانی ڕۆژنامەنووس، داوا لە هەموو ئازادیخاوازان، بەتایبەتی لە باکووری کوردستان، ئاستی خەبات بەرز بکەنەوە و ببنە دەنگی ڕاستی.

 

"بە خەباتی خۆمان دەبینە وەڵام" 

جوانە خەڵەف، ئەندامی ڕادیۆی سەوت ئەلحەیات، تیشکی خستەسەر سیاسەتی فشار دژ بە ڕۆژنامەنووسان لە باکووری کوردستان و تورکیا و وتی: بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، دەیانەوێت دەنگی کۆمەڵگەی تورکیا بەدەستبهێنن و سیاسەتە پیسەکانیان بەردەوام بکەن، هەرچەند کاری ڕۆژنامەنووسی زەحمەت بێت، وەک ژنانی ڕۆژنامەنووس پێویستە ئازار و فشار و هاواری کۆمەڵگە لە دژی کۆیلایەتی و ئەشکەنجە بەرز بکەینەوە و بڵاوی بکەینەوە.

 

جوانە خەڵەف لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ڕاستی ئێستا ئاشکرا دەکەن و دەنگی ڕاستی و فەلسەفەی ئازاد بڵاودەکەنەوە، چۆن ژنانی ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژئاوا شۆڕشی ڕۆژئاوایان بە کامێرا و پێنووس و وێنە پێناسە کرد، فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" ئاشکرا کرا و بوو بە هێمایەک بۆ هەموو ژنانی جیهان، ئه وان ده توانن وه ڵامی هه موو ئه و کردار و سیاسەت و دەسەڵاتانە بدەنەوە که خۆیان له سه ر خوێنی خه ڵک بونیاد دەنێن.