کەسوکار و بریندارانی چەکی کیمیایی دەڤەری خۆشناوەتی ناڕەزایەتی دەردەبڕن

ئەمڕۆ ٣٦ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی چەند گوندێکی دەڤەری خۆشناوەتی تێدەپەڕێت، کەسوکار و بریندارانی چەکی کیمیایی بەشداری مەڕاسیم دەبن و ڕێگە بە بەرپرسان نادەن بەشداری بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

٣٦ ساڵ بەر لە ئێستا ناوچەکانی دۆڵی بالیسان و گوندی شێخ وەسانان و دەڤەری خۆشناوەتی لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە کیمیاباران کران و بەهۆیەوە ٢٦٢ کەس شەهید بوون و ٦٢٠ کەسیش برینداربوون، کەسوکاری شەهیدان و ڕزگاربووان لەبەرامبەر بڕینی شایستە داراییەکانیان و دەستگیرنەکردنی بکەرانی ئەو تاوانە ناڕەزایەتی دەردەبڕن و ئاماژە بەوەدەکەن پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاوڕێکی جددی لە کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی چەکی کیمیایی بدەنەوە و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکەن.

 

بڕیارە کاتژمێر ١:٠٠ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ  ١٦ی نیسان لە ناوچەکانی سنوری دۆڵی خۆشناوەتی و گوندەکانی شێخ وەسانان و بالیسان و مەلەکان و وەرێ و خەتێ لە گۆڕستانی شەهیدان بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر بڕینی شایستەی بەرکەوتووان و شەهیدانی چەکی کیمیایی مەڕاسیم بەڕێوەبچێت و ڕێگا نادرێت هیچ بەرپرسێکی حزبی و حکومی بەشداری لە مەڕاسیمەکەدا بکەن.

 

جێی ئاماژەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێی بڕگەکانی ماددەی ٣ لە یاسای ژمارە ٢ى ساڵی ٢٠٢٠ یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان، مووچەی ئەو کەسانەی بڕی، کە بەرکەوتەی چەکی کیمیایین، پاساوەکەشی ئەوەیە، کە نابێت هیچ کەسێک دوو مووچەی هەبێت، لەکاتێکدا بە بڕیاری ٧٧٠٣ لە بەرواری ٧/٨/٢٠١٣ حکومەتی هەرێم ڕەزامەندی داوە بە تەرخانکردنی بڕی ٤٠٠ هەزار دینار بۆ بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی ئەگەر مووچەی تریشی هەبێت.

 

بەپێی ئامارەکان ٩٧٠ کەس لە هەرێمی کوردستان موچە بەرکەوتەی چەکی کیمیایی وەردەگرن، لەو ڕێژەیە بەپێی یاسای چاکسازی حکومەت زیاتر لە ٤٥٠ کەس ئەو هاوکارییەیان لێ دەبڕێت، کە بڕەکەی ٤٠٠ هەزار دینارە.