"پێمانوایە بەبێ وەرگرتنی DNA تەرمەکان بە خاک سپێردران"

لە ڕۆژی بوومەلەرزەکەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە زوهال ئەرسلان لە سەمسور دەستنەکەوتووە، نیگار گۆکدۆغانی خوشکی باسی لەوەکرد، دووجار بیناکەیان پشکنیوە، بەڵام هیچ زانیارییەکیان لەبارەیەوە دەستنەکەوتووە و نازانن لە ژیاندایە یان مردووە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

سەمسور - دوای بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ، بەڵام تا ئێستا تەرمی دەیان کەس بە ژن و منداڵەوە نەدۆزراونەتەوە، لە شاری سەمسور کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زۆرێک لە شوقە و باڵەخانەکانی وێران بوون، زانیاری دەربارەی ١٠ کەس نازانرێت، کە سیانیان منداڵن، خێزانەکان بانگەوازی دەکەن تا هەواڵێکیان دەستبکەوێت لێیانەوە.

 

ماوەی دوو مانگە هیچ هەواڵێک لە زوهال ئەرسلان نابیسترێت

یەکێک لە بێسەروشوێنەکانی شاری سەمسور ناوی زوهال ئەرسلانی ٣٢ ساڵە، کە لە گەڕەکی عەلیتاشی شەقامی بۆزبەی نیشتەجێ بووە، لە ڕۆژی بوومەلەرزەکەوە ئێستا هیچ زانیارییەک لە زوهال ئەرسلانەوە دەستنەکەوتووە، ئەندامانی خێزانەکەی باسیان لەوەکرد، ماوەی ٢ ڕۆژ بەهۆی داخستنی ڕێگەکەوە نەیانتوانیوە بگەنە شوێنی وێرانەکەی زوهالی تیا بووە، دواتر چوونەتە شوێنی ڕووخاوییەکەوە و هەرچەندە دووجار گەڕاون بەڵام زوهالیان نەدۆزیوەتەوە، ئەندامانی خێزانەکەی گومانیان هەیە کە زوهال لە دوو ڕۆژی یەکەمدا لەلایەن تیم و خۆبەخشەکانەوە دەرهێنرابێت و بەبێ وەرگرتنی DNA بەخاک سپێردرابێت.

 

"هیچ شوێنێک نییە ئێمە داواکاریمان بۆ نەکردبێت"

نیگار گۆکدۆغان، خوشکی زوهال ئەرسلان ڕایگەیاند، لە سامپڵی دی ئێن ئەی-یەکاندا نەیانتوانیوە بگەنە ئەنجام، هیچ شوێنێکیش نەماوە داواکاری پێشکەش نەکەن، وتی: نازانین لە دوو ڕۆژی یەکەمدا چی ڕوویداوە، ئێمە نازانین خوشکەکەم دەرهێنراوە یان براوەتە شوێنێکی تر، ئێمە کارێکی زۆرمان کرد بۆ ئەوەی خوشکەکەم لە ژێر وێرانە دەربهێنین، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ هەموو هەوڵێکمان دا و دواتر تیمەکانی فریاگوزاری هاتن، هەفتەیەک بیناکەمان کۆڵا بەڵام هیچمان نەدۆزیەوە.

 

"دوو مانگە بەدوایدا دەگەڕێین"

فەردی گۆکدۆغان، هاوژینی نیگار وتی: بۆ ٢ ڕۆژی یەکەم نە ئێمە و نە کەس لە خێزانەکەی نەمانتوانی بچینە شوێنی وێرانەکە، لە ڕۆژی ٣ گەیشتینە شوێنەکە، پێمانوایە لە یەکەم ڕۆژدا لەلایەن خۆبەخشەکانەوە دۆزرابێتەوە و لەلایەن دەوڵەتەوە بە خاک سپێردراوە بەبێ ئەوەی دی ئێن ئەی وەربگیرێت، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر گۆڕستانێک هەڵدرایەوە، تەرمەکانی بەبێ وەرگرتنی دی ئێن ئەی نێژرابوون، ئەو شەوەی بوومەلەرزەکە ڕوویدا، نیگار قسەی لەگەڵ کرد و وتی لە ماڵەوەم، واتە ئێمە دەزانین کە لە ماڵەوە بووە، دوو مانگە بەدوایدا دەگەڕێین، بەڵام پێمانوایە بەبێ  ئەوەی نمونەی دی ئێن ئەی لێوەبگیرێت، نێژراوە.

 

ناوی بەشێک لە بێسەروشوێنەکان بەم شێوەیەن: فورکان ئەسڵان، گازی ئەسڵان، هیرانور تومسەواش، زەلیها دەمیر و محەمەد ئەنیس دەمیر.